My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday, 19 May 2015

نامه‌ی ماكیز دو ساد بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی


وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
پێشەکی: 
ماركیز دو ساد، نووسه‌ری ڕۆمانی (جوستین) چه‌ندین شاكاری له‌ زیندان نووسیوه‌، بیانووی زیندانیكردنه‌كه‌ی ئاشكرایه‌: تۆمه‌تی لادانی سێكسی و توندوتیژی و ڕه‌فتاری نه‌شیاو نه‌ك ته‌نیا له‌ سێكسدا به‌ڵكو له‌ تێكستیشدا، كه‌ ئه‌مه‌ وه‌ك نه‌خۆشیی ده‌روونی و باری ناته‌واوی عه‌قڵی و زێده‌ڕه‌وی و مه‌ترسی لێك دراوه‌ته‌وه‌. به‌ هه‌رحاڵ ئه‌و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆی له‌ زینداندا و به‌ ماوه‌ی زۆر كورت ده‌نووسێت، هه‌ر له‌ زیندانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك نامه‌ی بۆ هاوڕێیانی و هاوسه‌ره‌كه‌ی ناردووه‌، له‌ به‌شێك له‌و نامانه‌دا باسی بارودۆخی خۆی و كێشه‌كانی ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یشی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی و خه‌سوویدا به‌ ته‌واوی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و زۆرجاریش به‌ زمانی توندوتیژی و هه‌ڵچوون نامه‌كانی نووسیوه‌. ئه‌م نامه‌یه‌ی خواره‌وه‌ یه‌كێكه‌ لهو‌ نامانه‌ی وا له‌ زیندانه‌وه‌ بۆ هاوسه‌ره‌كه‌یی ناردووه‌:

له‌ ماركیز دو ساده‌وه‌:
ته‌موزی 1777:
هه‌رگیز گومان له‌وه‌ ناكه‌م كه‌ ئێستا دایكت خه‌ریكه‌ جارێكی تر سته‌مێكی چه‌په‌ڵم لێ بكات، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و دادوه‌ره‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ به‌كاری هێناوه‌ تا قه‌ناعه‌تم پێ بهێنێت ئازادیی من ته‌نیا له‌وه‌ دایه‌ به‌ ته‌واوی مل بده‌م بۆ ئه‌و كه‌ڵكه‌ڵه‌ وێرانكه‌رانه‌ی كه‌ تۆ زۆر باش ده‌یزانیت. نازانم به‌ری ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ چییه‌ كه‌ به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ و زۆر و زۆركارییه‌وه‌ ده‌یچنێته‌وه‌. ئه‌و شته‌ی به‌و ڕێگایه‌ به‌ده‌ستی دێنێت ده‌بوو وه‌ك ئه‌ركی خۆم و به‌ ڕه‌زامه‌ندی خۆم پێم به‌خشیبا، ڕیك به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ به‌ر له‌وه‌ی دان به‌ جوانییدا بنێم به‌ده‌ستی ده‌هێنا! ژنێك به‌م هه‌موو زرنگییه‌وه‌ -وه‌ك بابه‌ دوساد ده‌ڵێت- ئه‌و ڕاستییه‌ نازانێت كه‌ هه‌ر واژوویه‌ك له‌ زینداندا وه‌ربگیرێت به‌های ئه‌و پارچه‌ كاغه‌زه‌ی نییه‌ كه‌ له‌سه‌ری ده‌كرێت، ئینجا پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ هه‌ر په‌یمان و گرێبه‌ستێك به‌ مه‌رجی ڕزگاربوون له‌ زیندان كۆتاییه‌كه‌ی ته‌نیا نا ئومێدییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مه‌یلیان له‌ ئازاردانی خه‌ڵكه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی حه‌زیان له‌وه‌ ئازار بدرێن، له‌ كۆتاییشدا هیچ نادورنه‌وه‌ جگه‌ له‌ ڕسوایی. چه‌ند باش بوو گه‌ر به‌ بێ مه‌رج ڕازی ببوایه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ وای لێ ده‌كردم كه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی خۆم و بێ هیچ ناچارییه‌كه هه‌موو شتێكی بۆ بكه‌م. به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ پێویستی به‌ لێهاتوویی هه‌یه‌ له‌ ڕه‌فتار و هه‌ست و سۆزدا، ئه‌مه‌یش ئه‌و دوو شته‌یه‌ كه‌ ناتوانێ لێیان تێبگات: ئه‌م دوو وشه‌یه‌ له‌ قاموسه‌كه‌ی دایكتدا بوونیان نییه‌. به‌ هه‌رحاڵ، مادام هه‌ر ئه‌مه‌ ڕوویدا كه‌ ڕوویدا ئه‌وا ئه‌و ڕێزه‌ی كه‌ له‌ دانوستانكاره‌كه‌یم ده‌گرت، كه‌ ئه‌و به‌خراپ به‌كاری دێنێت، وام لێ ده‌كات كه‌ هه‌ر شتێك له‌ توانامدا بێت بیكه‌م، كه‌ زۆر ڕێی تێ ده‌چێت هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئه‌و داوام لێ ده‌كات نه‌توانم بیكه‌م، ڕه‌نگه‌ تۆیش زۆر شتی له‌م باره‌ كه‌ من كردومن فه‌رامۆش بكه‌یت. خانمه‌كه‌م پێویسته‌ ئه‌وه‌ت له‌ مێشكدا بێت كه‌ من ئه‌و گه‌مژه‌یه‌ نیم كه‌ به‌م فڕوفێڵه‌ ساویلكه‌ و گاڵته‌بازاڕییانه‌ و به‌م درۆ و ده‌له‌سانه‌ هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێت كه‌ له‌ دژی من له‌سه‌ری ڕاهاتوون. كه‌س نامخه‌ڵه‌تێنێت نه‌ تۆ نه‌ هیچ كه‌سێك له‌ خزم و كه‌س و كاره‌كه‌ت و نه‌ لایه‌نگرە به‌نازونوكه‌كانیشیان. له‌م دواییانه‌دا نووسینی دوو بڵاوكراوه‌م ئاماده‌كردووه‌ كه‌ ئاسانكارییه‌ بۆ توێژینه‌وه‌ كولتوورییه‌كانی توێژه‌ران و ڕه‌خنه‌گران و بڵاوكه‌ره‌وه‌كانی كتێبه‌كانم، به‌وه‌یش ده‌توانن كۆته‌یشن وه‌ربگرن و هه‌ڵیانبژێرن. هیچ شتێك ناتوانێت ئازاره‌كانمت بۆ وه‌سف بكات كاتێك به‌ ته‌واوی ئومێدبڕاوبووم له‌وه‌ی له‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یراندا ئه‌م شوێنه‌ جێ بهێڵم. بێگومان مانه‌وه‌م لێره‌ زۆری خایاند و زیاد له‌ ڕاده‌ بوو. ئه‌ی خودای میهره‌بان، ئێستا چ پیلانێكم بۆ ده‌گێڕن؟ تۆ بڵێیی بیانه‌وێت به‌ ڕه‌فتاره‌ قێزه‌ونه‌كانیان بۆ هه‌موو ته‌مه‌نم ئا لێره‌دا بمنێژن؟ ئێستا بۆ دواجار گوێم لێبگره‌، ئه‌گه‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ وه‌ڵامم نه‌ده‌یته‌وه‌ ئه‌وا سوێندت بۆ ئه‌خۆم كه‌ ئیتر یه‌ك وشه‌ له‌ منه‌وه‌ نابیستی و، هه‌ر كاتیش له‌م شوێنه‌ بێمه‌ ده‌ره‌وه‌ یه‌كسه‌ر جێت ده‌هێڵم و بۆ ئه‌به‌د نامبینیته‌وه‌. به‌ ڕوون و ڕۆشنی وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌: ئه‌و ژماره‌ سێ-ـیه‌ی كه‌ تۆزێ سه‌یره‌ و به‌ مه‌ره‌كه‌بێكی شاراوه له‌ سێیه‌م نامه‌ی ڕێكه‌وی 23 ئایار، نووسراوه‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ شتێك یان نا؟ به‌ڵێ یان نه‌خێر؟ ئه‌گه‌ر ئاماژه‌یه‌ بۆ شتێك ئه‌وا له‌ كۆتایی نامه‌كه‌ی داهاتووتدا به‌ مه‌ره‌كه‌بێكی شاراوه‌ پێم بڵی، خۆت ده‌زانیت من هاوسه‌ره‌ زیره‌كه‌كه‌تم و ده‌یدۆزمه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر هیچیش نییه‌ ئه‌وا پێم بڵی كه‌ من شێتم. تۆ شێوازێكی به‌ گرێ و گۆڵت هه‌یه‌ و ڕێك له‌ خۆت دێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ وای لێ كردم كه‌ پرسیار له‌ باره‌ی ئه‌و شته‌وه‌ بكه‌م، دڵنیاییشم هه‌رگیز ئه‌مه‌ نابێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی گومانت لێ بكه‌م. دڵنیایش به‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر پێم بڵێیت له‌ ده‌مم نایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و یه‌ك وشه‌ی بۆ هیچ كه‌سی نادركێنم، من ئه‌و كه‌سه‌ نیم كه‌ دۆخه‌كه‌ بشێوێنم و تووشی مه‌ترسیت بكه‌م. ئێستا ئیتر ماڵئاوا، هیوام وایه‌ ته‌واو دڵنیاییت هه‌بێت له‌ باره‌ی ئه‌و شته‌ی كه‌ لێم پرسیت، چونكه‌ ده‌بێت بۆ چه‌ندین ڕۆژ لێره‌دا بناڵێنم، بۆیه‌‌ زۆر پێویستیم به‌وه‌‌ هه‌یه‌. هه‌وڵیش مه‌ده‌ پێم بڵێی كه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ت به‌ ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، چونكه‌ لێم ڕوونه‌ هه‌موویانت پێده‌گات، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌هات گوت كه‌وایه‌ تۆ ناته‌وێ وه‌ڵامی ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌م بده‌یته‌وه‌. وێڕای ئه‌وه‌یش من ئه‌م شتانه‌ زۆر به‌ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی و به‌ ڕه‌ش و سپی ده‌نووسم و، دڵنیایشم به‌ده‌ستت ده‌گات. خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی داوكارییه‌كه‌مت دایه‌وه‌ ئه‌وا زۆر مه‌منون ده‌بم.. ئه‌ی خۆشه‌ویسته‌ ئازیزه‌كه‌م..        




Monday, 6 April 2015

چه‌مكی ڕیزۆم لای دۆلۆز

ئه‌نوه‌ر موغیس
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
 
ڕیزۆم Rhizome ئه‌و به‌شه‌ی ڕووه‌كه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی ڕیشاڵ له‌ بنج و ڕه‌گی هه‌ندێك ڕووه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و به‌شداره‌ له‌ دووباره‌ ڕوواندنه‌وه‌ و زیندووبوونه‌وه‌ی ڕووه‌كه‌كه‌دا. دۆلۆز ئه‌م چه‌مكه‌ وه‌ك میتافۆر به‌كارناهێنێت، به‌ڵكو وه‌ك دۆخ، وه‌ك شێوازی بوون و ستایلی ژیان به‌كاری دێنێت و له‌ هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ی كۆتایی ژیانیدا "هه‌زار ڕووته‌خت" و "فه‌لسه‌فه‌ چییه‌"دا باسی كردووه‌. لای دۆلۆز‌ ڕیزۆم هێمایه‌كی چڕ و پڕ ده‌لاله‌ته‌ بۆ ئه‌و ئایدیایانه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ كردوون و په‌ره‌ی پێداون. ئه‌م چه‌مكه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ زه‌روره‌تی ڕزگاربوون له‌ گه‌ڕان به‌دوای ڕیشه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنچینه‌ [ئه‌سڵ] یان ساته‌وه‌ختی له‌دایكبوونی یه‌كه‌م (ڕیشه‌- تۆو). هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌ به‌ ڕزگاربوون له‌ تاسه‌ی گه‌یشتن به‌ كۆتاییه‌كان وه‌دیهێنانی ئامانجه‌كان (به‌ر- تۆو)، بۆیه‌ ئه‌مه‌ هێرشی دۆلۆز بوو بۆ سه‌ر شه‌یدایی هایدیگه‌ر به‌ سه‌ره‌تاكانی هزری یۆنانی و هه‌مان كات هێرشیش بوو بۆ پشتیوانیی فه‌یله‌سوفه‌ فه‌ره‌نسییه‌كان له‌ تێماى كۆتایی فه‌لسه‌فه‌ لای هیگڵ.
ڕیزۆم كورتكردنه‌وه‌ی ئه‌و دروشمه‌ی دۆلۆز بوو كه‌ ده‌یگوت: «با له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین»، ڕیزۆم به‌وه‌ له‌ دره‌خت و تۆو و ڕه‌گ جیا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ سێ مه‌رجی سه‌ره‌كیی تێدایه‌: "به‌رده‌وامی" و "ئه‌ویترێتی" و "فره‌یی" كه‌ هیچ ئه‌سڵیك كۆیان ناكاته‌وه‌. دۆلۆز پێی وایه‌ هه‌موو زمانه‌كان به‌ پێی ئه‌م میكانیزمه‌ پێك هاتوون و دروست بوون. كاتێك له‌گه‌ڵ وێنه‌ی ڕیزۆمدا وێنای فیكر ده‌كه‌ین، ئه‌وا ئه‌م وێنه‌یه دینامیكییه‌ت و توانای به‌رهه‌مهێنان و داهێنان به‌ فیكر ده‌به‌خشێت.
چه‌مكی ڕیزۆم له‌ سیاسه‌تدا دژی ده‌سه‌ڵاتی باو و ڕێباز و خواسته‌ فه‌نده‌مێنتاله‌كان ده‌وه‌ستێته‌وه‌، هه‌روه‌ها دژی ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ دۆلۆز پێیده‌ڵێت دیواری سپی Table rase و سوبێكته‌كان پێیه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسرێن، ئه‌م دیواره‌ سپییه‌یش ته‌نیا دیواری ده‌وڵه‌ت نییه‌، به‌ڵكو جاری واهه‌یه‌ شۆڕشه‌ سیاسییه‌كانیش دیواری له‌م جۆره‌یان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وكاته‌ی كه‌ له‌ فۆڕمێكی تردا ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌مان هیرارشییه‌ت و بونیاده‌وه‌ دروست بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئایدیۆلۆژیاكان و موقه‌ده‌سگه‌راكان و گروپه‌ فاشیستییه‌كان هه‌رهه‌موو جۆرێك له‌ دیواری سپین و ده‌رفه‌تی جوڵه‌ و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی له‌ سوبێكته‌كان وه‌رده‌گرنه‌وه‌ و له‌نێو چوارچێوه‌كانی خۆیاندا له‌قاڵبیان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ڕیزۆمبوون جۆرێكه‌ له‌ سیاسه‌ت بۆ ڕزگاربوون له‌ دیواری سپی و درزتێخستنی كه‌ جاری وا هه‌یه‌ فۆڕمی هه‌وڵێكی هه‌ره‌وه‌زی و به‌كۆمه‌ڵ وه‌رده‌گرێت كه‌ به‌ند ده‌بێت له‌سه‌ر دروستكردنی هاڕمۆنی له‌نێوان هه‌وڵه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كان له‌ شێوه‌ی تۆڕدا، نه‌ك به‌ شێوه‌ی ڕێكخستنی پله‌به‌ندی. ئه‌دگاره‌ سیاسییه‌كانی چه‌مكی ڕیزۆم له‌م بانگه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دۆلۆز ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێت ئاره‌زووه‌كانیان ئازاد بكه‌ن: «ببنه‌ ڕیزۆم و مه‌بنه‌ ڕه‌گ، دره‌خت پشته‌ [نه‌سه‌ب] به‌ڵام ڕیزۆم نه‌وه‌یه‌، دره‌خت كرده‌ی بوون له‌نێوان بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكدا ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ڕیزۆم گریمانه‌ی پیتی ئازاده‌. پێویست ناكات له‌ شتێكه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌یت و ته‌واوی بكه‌یت یان بگه‌یته‌ كۆتایی، ته‌نها ئه‌وه‌ به‌سه‌ و وا باشریشه‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌، ده‌ر و ژوور بكه‌یت. ناوه‌ند [ناوه‌ڕاست] خاڵێك نییه‌ له‌نێوان جه‌مسه‌ره‌كانیدا به‌ڵكو ئاراسته‌یه‌كی فره‌ لایه‌نه‌ و جوڵه‌یه‌كی تێپه‌ڕێن و پێشیڵكارانه‌ی سنووره‌كانه‌ كه‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ ده‌خاته‌ پشتی خۆیه‌وه».   

Saturday, 21 March 2015

كولتووری گوێ و كولتووری چاو

عەبدوسەلام بنعەبد عالی
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

      دەبێت چاو مەودایەكی هەبێت تا جیای بكاتەوە لە بابەتی بینینەكەی. خۆ ئەگەر بابەتەكە بە چاوەوە "بنوسێت"، ئەوا ناتوانێت بیبینێت. بەڵام گوێ‌ بە پێچەوانەوە، پێویستی بە نزیكایەتییە، هەرچی چەندەی دەنگ زیاتر نزیك بێتەوە باشتر دەبیسترێت. چاو هەستی مەودا و دووركەوتنەوە و لێك جیاییە. بەڵام گوێ هەستی ڕاستەوخۆیی و نزیكایەتی و پێك پەیوەستییە. كەواتە سەیر نییە دیدگا پەیوەست بێت بە ڕەنگپێدانەوە و بیركردنەوەوە، و بینین پەیوەست بێت بە بیناییەوە و، ڕوانین بە ڕوانگەوە، و چاویش بە عەقڵەوە. گوێیش پەیوەست بێت بە گواستنەوە و ئەزبەركردن و یادەوەرییەوە.
      لە فرۆیدەوە بۆمان ماوەتەوە كە گوێ هەستی بەراییە بۆ مرۆڤ. لە زیاد لە مانایەكیشدا بەو جۆرەیە. گوێ‌ بەراییە بەهۆی نزیكبوونی لە بۆچوون دەربڕەوە (بە دەنگ). ئینجا گوێ‌ ئەو هەستە بەراییەیە كە منداڵ هەر لە كۆرپەییەوە بە ژینگەی دەرەكییەوە دەبەستێتەوە. ئێمە بەر لەوەی ببینین، دەبیستین. گوێ هەستی شەو و تاریكییە. بەڵام چاو هەستی ڕۆژ و ڕوناكییە. چاو ناتوانێت بە باشی بابەتەكەی ببینێت مەگەر بتوانێت لە "جێگیریی"ـدا بهێلێتەوە و دوورییەكانی دیاری بكات. چاو هەستی شوێنە. كەچی گوێ‌ هەستی زەمەنە. ئەو كەلتوورەیشی پشتی پێ‌ دەبەستێت كەلتووری مێژوو و دەما و دەم و گێڕانەوەیە، كەلتووری زارەكییە نەك نووسین و وێنە. كەلتووری دەنگە نەك كەلتووری جێكەوت و كارتێكردن.
      وێڕای ئەو ئاڵۆزییە ڕواڵەتییەی كە هەستی گوێ‌ پیشانی دەدات و، ئەو پێچ و خول و بەربەستانەی ئابڵوقەی دەدەن، كەچی هەمیشە كراوەیە، هەمیشە ئامادەی بیستنە. گوێ هەستی "وەرگرتنە"، كەچی چاو، وێڕای ساف و ڕوونییەكەی، كەچی دەشێت پەنجەرەكانی لە كاتێكەوە و بۆ كاتێكی تر دابخات، ئینجا بابەتی بینینەكەی ملكەچی هەڵگێڕانەوەی تۆڕبەندییەكانی خۆی دەكات. چاو ناگاتە بابەتەكەی تەنیا لەڕێگەی پێچ و سوڕان و ئاوەژووكردنەوە و بیركردنەوەوە نەبێت.
       وا دەردەكەوێت تەنیا یەك زمان (لەوانە زمانی عەرەبی) نییە كە چاو بە بیركردنەوە و گوێ‌ بە ئاكارەوە گرێدەدەنەوە، بۆنموونە دەڵێین: "دەنگی ویژدان" و "چاوی عەقڵ". دەڵێن زمانی گریكی و لاتینی و جەرمانییش هەموویان دەنگ بە ویژدانەوە و، بیستن بە گوێڕایەڵی و، گوێ‌ بە قایلبوون و ئەڵقەلەگوێی پەیوەست ئەكەنەوە.
     كەواتە سەیر نییە كەلتووری گوێ‌ كەلتووری بیستن و پاراستن بێت. كەلتووری دڵنیایی و تەقلید، كەلتووری قایلبوون و ملدان بۆ دەنگ- سەرچاوە،هەروەها بە گوێرەی پێویستیش لێی دوورناكەوێتەوە تا "هزر"ی ئیشی لەسەر بكات. كەلتووری گوێ‌ بە بەردەوامی كولتووری دەسەڵاتە: هەموو بیستنێك گوێ‌ فەرمانییە.
      بەڵام چاو، كاتێك توانای هەڵگێڕانەوەی خودیی لەسەر تۆڕبەندییەكانی خۆی هەیە، كاتێكیش توانای فرەیی ڕوانگەكانی و گۆشەی نیگاكانی هەیە، وا لەو كەلتوورە دەكات كە لە بیناكردنی خۆیدا پشت بە چاو دەبەستێت كەلتوورێكی ڕەخنەیی بێت و هەر لەسەرەتاوە بڕوای بەوە هەبێت كە لێكدانەوە (تأویل) فرەییە و ڕوانگەكانیش جیاوازن، بڕوای بەوە هەبێت هەر مەعریفەیەك ڕاستكردنەوەی هەڵەكانە و، هەر زانستێك ئایدیۆلۆژیا بە پێشی بكەوێت بارودۆخەكان هەڵدەگێڕێتەوە "وەك قڵپبوونەوەی بابەتەكان لەسەر تۆڕبەندییەكانی چاو".

سەرچاوە:
عبدالسلام بنعبد العالی: ثقافة الأذن و ثقافة العين، دار توبقال للنشر، الطبعة الثانية، 2008، ص7-8.




Sunday, 8 March 2015

كوشــتن و كەرنەڤاڵ


هاوار محەمەد

( 1 )
لە یەكێك لەو گرتە ڤدیۆییانەدا كە لە یوتوب بڵاوبۆتەوە, ئەندامێكی داعش وانەی سەربڕین بە گروپێك دەڵێتەوە و باس لەوە دەكات كە چۆن هەر كردەیەكی سەبڕینی مرۆڤ دەبێت بە چێژێكی زۆرەوە ئەنجام بدرێت, دەبێت جەللاد چێژ لە سەربڕینەكە ببینێت و وەك كردەیەكی چێژبەخش ئەنجامی بدات. سەربڕین تەنیا كوشتنی دوژمنێك نییە, كوشتنی "كافرێك" (بە پێی پاساوی ئەوان) نییە كە لەپێناو ئامانجێكی تایبەتیدا ئەنجام بدرێت, ئەگەرچی دەشێت بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن ئامانجی تایبەتیشی هەبێت, بەڵكو كردەكە خۆی جۆرێكە لە شادی بینین و چێژ وەرگرتن. لەمەیش زیاتر ئەو دەنگی تەكبیرەی كە لە دوای هەر كوشتن و لە سێدارەدانێك بەرز دەبێتەوە و ئەو هەڵپەڕین و سەما و سەرچۆپی كێشانە بە تفەنگەكان و دیمەنەكانی باوەش بە یەكداكردنی ئەندامەكانی داعش بۆ خۆی جۆرێكە لە سازدانی كەرنەڤاڵ لەسەر تەرمی قوربانییەكان, شادیگێڕانێكە بۆ كوشتنی ئەم ڕوخسارە غەمگینانەی كە لەنێو ئاپۆرەیەكدا و بێ‌ هۆیەكی دیاریكراو دەكوژرێن.
بە بڕوای زیگمۆند فرۆید مرۆڤ دوو غەریزەی سەرەكی ئاراستەی دەكات: "ئیرۆس" و "تاناتۆس". ئیرۆس غەریزەی ژیان و خۆشەویستییە كە دەتوانێت بەردەمی ژیانی تاك لەنێو كۆمەڵ و جڤاتدا دەستەبەر بكات, غەریزەی ئیرۆس غەریزەی ژیاندۆستی و مانەوەیە. تاناتۆس غەریزەی مەرگدۆستی و خۆپەرستنی و كینەیە بەرامبەر بە دەوروبەر, غەریزەی وێرانكردن و تێكدان و كەڵكەڵە ترسناكەكان و چێژ وەرگرتنە. دواجار ئەوەی ئەم كەڵكەڵە ترسناكانە دەچەپێنێت و وادەكات مرۆڤ بتوانێت كۆمەڵگە و شارستانیەت دروست بكات ئەو یاسا و ڕێسا و نەریت و ئایین و ئاكار و پرەنسیپانەیە كە بەرهەمی غەریزەی ئیرۆسە لەپێناو مانەوە و بەردەوامیدان بە ژیان لەگەڵ ئەوانیتردا. تاناتۆس دەچەپێنرێت و مرۆڤ غەریزە ترستاكەكانی خۆی دەشارێتەوە و لەسەر بنەمای ئیرۆس مامەڵە لەگەڵ دەوروبەریدا دەكات و نەزم و ڕێكی بەرپا دەكات, هەر لەبەرئەمەیشە كە فرۆید پێی وایە شارستانیەت بەرهەمی چەپاندنە. بەڵام غەریزەی كوشتن و كەڵكەڵە ترسناكەكان لەنێو ناچن بەڵكو لە هەر ساتێكدا دەگەڕێنەوە, لەژێرەوە و بە شاراوەیی مرۆڤ ئاراستە دەكەن, لە هەر كوێدا (منی باڵا) یان سیستەمی دەسەڵات لەنێو سوبێكتدا و لەدەرەوە لاواز ببێت ئەم غەریزانە دیسانەوە دەردەكەونەوە و بەهێزتر لە دۆخی ئاسایی خۆیان دەتەقێنەوە. تۆ بڵێی داعش گروپێك بێت كە غەریزە مەرگدۆستییەكەی تەقیبێتەوە و چەپاندنەكانی گەڕابێتنەوە و نائاگایی تۆڵەی خۆی لە دونیا و سیستەم بكاتەوە؟ 

( 2 )
دەشێت لای هەر ئەندامێكی داعش غەریزەی مەرگدۆستی و ئارەزووی وێرانكردن بە ڕوونی ببینین, گروپێك كە نائاگاییە شاراوەكەی, غەریزە ترسناكەكانی, نیشانەكانی نەخۆشییەكانی ئاراستەی دەكات, بەڵام ناكرێت ئەمە بانگەشە بێت بۆ ئەم تێڕوانینەی كە داعش گروپێكە بە ڕەهایی "منی باڵا"ی كوشتووە و ئێستەیش چەپێنراوەكانی دەگەڕێنەوە, نەزمێك نەماوە كە بەر بەم  كەڵكەڵانە بگرێت. ڕاستییەكەی ئەوەیە داعش مەرگی دوژمنەكەی بەلایەوە گرنگ نییە و زۆریش ئاسایی لێی دەڕوانێت, واتە كوشتن كارێك نییە كە ببێتە مایەی ئازارپێگەیاندنی تا سەرنجی ڕابكێشێت و ڕوخساری قوربانییەكەی ببێتە كابوسی شەو. فرۆید باس لەوە دەكات مرۆڤی سەرەتایی كاتێك لە جەنگدا دوژمنەكانیان دەكوشتن وەك كردەیەكی ئاسایی ئەنجامیان دەدا و بە دەست و بەرگی خوێناوییەوە و بە هەستی پاڵەوانانەوە دەگەڕانەوە بەرەو ماڵ و گوندەكانی خۆیان, وەك بڵێی كارێكی زۆر سادە و ئاساییان ئەنجام دابێت. گەر لە ڕوانگە فرۆیدییەكەوە بڕوانین دەبێت بڵێین هەتا شارستانێتی و ژیار پێشكەوتووتر و فراوانتر بێت ڕێساكانی چەپاندن و نەزم و نەریت و ئایین بۆ بەرگرتن لە شەپۆلی فشارەكانی نائاگایی بەهێزتر دەبن. شارستانی كە خۆی لەسەر بنەمای ئاگایی بونیاد دەنێت دەبێت توندوتریش نائاگایی دووربخاتەوە, بەڵام نائاگاییش هەتا فشاری زیاتری لەسەر بێت لەنێو خۆیدا زیاتر چڕ دەبێتەوە و وزەكەی زیاتر دەبێت تا دواجار لە چڕێتیدا دەتەقێتەوە. مادام نائاگایی هەڵگری ئەم پارادۆكسەیە كەواتە كۆنترۆڵكردنی بە یەكجارەكی ئاسان نییە. هەر لەبەرئەمەیش بەشێكی زۆری ئەندامەكانی داعش ئەو كەسانەن كە هەمیشە لە دۆخی خۆچەپاندن و شاردنەوەی غەریزەكان و نەفرەتكردن لە سێكس و چێژە جەستەییەكاندا بوون, بەڵام ئێستە چێژ لە كوشتن دەبینین و زەواجی نیكاحیش دەكەن و بگرە ئەوەی پاڵنەریان بووە بۆ چوون بۆ نێو داعش حۆرییەكانی بەهەشت نییە, بەڵكو حۆرییەكانی ئێرە و شەرعیەتدانە بە ڕابواردن و خەوتن لەگەڵ ژنانی غەنیمەی جەنگ یان لەگەڵ ئەو خوشكە موسوڵمانانەی كە بۆ جیهاد هاوشانی براكانیان ئامادەن نیكاح لەگەڵ یەك بەیەكیاندا بكەن.
دەشێت هەر كردەیەك كە نائاگایی مرۆڤ تێر بكات, یان بەشێك لە غەریزەكانی بۆ ماوەیەكی كاتی ڕازیی بكات شایەنی چێژ لێوەرگرتن و شادیگێڕان و سەماكردن بێت, ئەم چێژ و شادییە خاڵیی نییە لە ئازار و نیگەرانی, بەڵام كاتێك سوبێكت بە توندی هەست نیگەرانی و ئازار دەكات كە نەریت و نەزمیش بە توندی بونیان هەبێت. تێركردنی ئارەزوو و چێژ وەرگرتن هەموو كات جۆرێك لە دڕدۆنگی و ئەزموونی ئازاری لەگەڵدایە, بەتایبەت ئەگەر ئەم تێركردنە كردەیەكی شاراوە و ڕێ‌ پێ‌ نەدراو بێت. ئێستا كە داعش ڕێگای بە كوشتن و نیكاح داوە و شەرعیەتی پێداوە ئەشێت هێشتایش بڵێن تێركردنی ئارەزوو, كوشتن یان نیكاح, جۆرێك لە ئەزموونی ئازاری لەگەڵدایە؟     

( 3 )
لە سەردەمە كۆنەكانەوە قوربانیكردن لە ڕێوڕەسمە ئایینی و كۆمەڵایەتی و نەریتییەكاندا جۆرێك بووە لە شادیگێڕان و جەژن و سەما، گوایە بەم قوربانیكردنە ڕەزامەندی خوداكان بەدەست دەهێنن, بەم جۆرە ئەو كەسەی دەكوژرێت ئامانج لە كوشتنەكەی ڕوونە و ئەو دەبێتە قوربانی لەپێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوادا. ئایا دەكرێت كردەی كوشتن لای داعش و شادیگێڕان و جەژنە ڕۆژانەییەكانیان درێژكراوەی هەمان كردەی قوربانیكردن بێت؟ دەشێت نەریتی قوربانیكردن ڕۆڵی هەبێت لە ڕەوایەتیدان بە كوشتن لە ساتێكی دیاریكراودا, بەڵام ناشێت ئەمە تەفسیری دروست بێت, چونكە ئەو كەسەی دەكوژرێت, لای داعش, ناكرێت سیفەتی "قوربانی"ی بدرێتە پاڵی. داعش نایەوێت بە كوشتن تەنیا ڕەزامەندی خودا بەدەست بهێنێت, بەڵكو دەیەوێت غەریزەی خودایش تێر بكات, خودا لەم سیاقەدا فۆڕمێكی خودایەكە كە بەرهەمهێنراوی بیریی داعش و توندڕەویی و فەندەمێنتالیزمە. خودا دەشێت ئەو "ئەویدیكەی گەورە"یە بێت كە لاكان باسی كردووە, یان ماشێنێكی ئایدیۆلۆژی بێت كە ڕیشەكانی بە قووڵی لە مێژوودان و بەهۆی كەڵەبوونییەوە لە زەمەندا بەردەوام لە فۆڕمی جیاوازدا خۆی دووبارە دەكاتەوە و هەر جارێكیش دەیەوێت توندوتیژتر بێت, هەر جارێك دەیەوێت توندوتیژی بگەیەنێتە دوا ڕادەی خۆی. داعش ماشێنێكی توندوتیژییە, بەڵام ئارەزوویەكی سەیریشی بۆ توندوتیژی زیاتر هەیە, نایەوێت لە ئاستێكدا بمێنێتەوە بەڵكو دەیەوێت هەتا بێ‌ دیمەنەكانی ترسناكتر بن و زەبروزەنگ و توندوتیژی و كوشتن و سەربڕین تا تۆقێنەرترین ڕادە درێژ بكاتەوە, بەم مانایە داعش ماكینەی گەیاندنی توندوتیژییە بە دوا سنووری خۆی, بێ‌ ئەوەی دوا سنوورێك بوونی هەبێت, هەر لەبەرمەیشە ڕۆژبەڕۆژ توندوتیژتر دەبن, بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر پێ دەكەنن و چێژ دەبینن و دەنگی تەكبیریشیان بەرزتر دەبێتەوە.  


Saturday, 28 February 2015

له‌ ستایشی هه‌ڵه‌دا

عه‌بدوسه‌م بنعه‌بد عالی
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د


ده‌توانین دوو دیوی مه‌عریفه‌ و دروستكردنی حه‌قیقه‌ت لێك جیا بكه‌ینه‌وه‌: دیوی یه‌كه‌م له‌ چه‌مكێكی دیاریكراوەوە ده‌رباره‌ی حه‌قیقه‌ت سەرچاوە دەگرێت و پێی وایه‌ دروستبوونی حه‌قیقه‌ت گه‌شه‌كردن و كه‌ڵه‌كه‌ بوونه‌ و، مێژووی حه‌قیقه‌ت پرۆسه‌ی بونیادنانێكی پله‌به‌ندییه‌ كه‌ زانا و مه‌عریفه‌ناسه‌كان به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن. به‌ڵام دیوی دووه‌م له‌ چه‌مكێكی تره‌وه‌ و، بگره‌ له‌ چه‌مكێكی دژی ئه‌م چه‌ماوه‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و پێیوایه‌ دروستبوونی حه‌قیقه‌ت واته‌ له‌نێوبردنی هه‌ڵه‌كان و، ئاشكراكرنی وه‌همه‌كان، لایوایە مێژووی حه‌قیقه‌تیش پرۆسه‌ی له‌نێوبردن و كشانه‌وه‌ و، هه‌ڵكۆڵین و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌.
به‌ ڕێگه‌ی یه‌كه‌میان، كه‌ ده‌توانین بڵێین ڕێبازیی ئه‌فلاتونیزمه‌، مه‌عریفه‌ مانای یادهاتنه‌وه‌ و بیركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌یه‌، مێژووه‌كه‌یشی گه‌ڕاندنه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و چۆنییەتییه‌یه‌ كه‌ حه‌قیقه‌ته‌كان لێیه‌وه‌ په‌یدا بوون، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و هەتاوەى كه‌ حه‌قیقه‌ت لێیه‌وه‌ پەخشبۆتەوە، ئه‌مه‌یش لەپێناو به‌دواداچوونی ئەوەدایە کە بزانین حەقیقەت چۆن و بە گوێژەى چى گه‌شه‌ی كردووه‌. لێره‌دا ئه‌سڵ تێهه‌ڵكێش به‌ سه‌ره‌تایه‌كی زه‌مه‌نیی ده‌بێت. به‌ڵام لە ڕێگه‌ی دووه‌میاندا مێژوو ده‌بێته‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم و وه‌ك نیچه‌ ده‌ڵێت بە مەبەستى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و، هه‌وڵی دروستكردنی دژە یادگه‌. لێره‌دا ئه‌سڵ له‌ سه‌ره‌تا جیا ده‌بێته‌وه‌ و لێی ده‌پچڕێت.
دیوی یه‌كه‌میان به‌نده‌ له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی حه‌قیقه‌ت و گه‌شه‌كردن و یاده‌وه‌ری و په‌یوه‌ندی، به‌ڵام دووه‌میان به‌نده‌ له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی هه‌ڵه‌ و له‌یادكردن و جیابوونه‌وه‌ و دابڕان. هه‌رگیز ئه‌مه‌ مانای وا نییه‌ كه‌ ئه‌م چه‌مكانه‌ له‌ ڕووبەرى یه‌كتریدا بوونیان نه‌بێت، به‌ڵام بوونی هه‌ر یه‌كێكیان له‌ویتریاندا به‌راورد به‌و ڕۆڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌ی كه‌ چه‌مكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی ده‌یگێڕێت، ڕۆڵێكی لاوه‌كیی و کاڵوکرچى هه‌یه‌. ئه‌م قسەیە بۆ چه‌مكی هه‌ڵه‌یش ڕاسته‌ كه‌ لێره‌دا ده‌مانه‌وێت سه‌رنجێكی لی بده‌ین. خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانی دیوی یه‌كه‌م له‌ كرده‌ی مه‌عریفیدا ڕۆڵێك به‌م چه‌مكه‌ بده‌ن ئه‌وا هه‌ر زوو به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی حه‌قیقه‌ت و بونیادنانی زانینه‌كه‌ی، دووری ده‌خه‌نه‌وه‌. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ ده‌زانین باوكی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن (دیكارت) گریمانه‌ی شه‌یتانێكی فێڵبازیی كردووه‌ كه‌ عه‌قڵی فریوده‌دات و ده‌یخه‌ڵه‌تێنێت، بگره‌ دیكارت خودی عه‌قڵیشی كردۆته كۆمه‌ڵێك چالاكى و هه‌ڵچوون كه‌ ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵیدا، وه‌كو یاده‌وه‌ری و خه‌یاڵ، وێرای ئه‌وه‌یش عه‌قڵانییه‌تی ته‌قلیدی هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌ بە هێزێكى وا كه‌ بتوانێت خۆی ڕابگرێت و بوونی خۆی بپارێزێت؛ هه‌میشه‌ ساته‌وه‌ختێك هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ تێیدا هه‌ڵده‌گیرێت و ده‌سڕدرێته‌وه‌ و شوێنی خۆی بۆ مه‌عریفه‌ دروست و یه‌قینییه‌كان چۆڵ ده‌كات. بانگه‌شه‌‌كه‌ی دیکارت بۆ دانانی میتۆد ته‌نیا به‌ ئامانجی "باش به‌ڕێوه‌بردنی عه‌قڵ" بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دووری بگرێت له‌ كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌.
ئه‌م بوونه‌ "ڕووكه‌شانه‌"یە ڕێك ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ دیوی دووه‌می مه‌عریفه‌ دژی ڕاده‌وه‌ستێت. لێره‌دا ئیدی هه‌ڵه‌ بوونێكی ڕواڵه‌تیی كرچ و كاڵیی نییه‌‌ كه‌ تۆزێك ئاگاداریی و وریایی و په‌له‌نه‌كردن و پێشداوه‌رینه‌كردن به‌ردوورمان بگرێت لێی. ده‌توانین له‌گه‌ڵ جۆرج كانگیلایمدا پێمان وابێت كه‌ لێره‌دا هه‌موو فه‌زڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فه‌یله‌سوفی فەرە‌نسایی "گاستۆن باشلار"ی دانەرى ئیپستمۆلۆژیای نا-دیكارتی، كه‌ دووباره‌ به‌های گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ چه‌مكی هه‌ڵه؛ ئه‌و ڕوونی كرده‌وه‌ فیكر به‌ر له‌ هه‌موو شتێك بریتییه‌ له‌ توانای هه‌ڵه‌كردن، هه‌ڵه‌یش ڕۆڵێكی ئه‌رێنیی هه‌یه‌ له‌ دامه‌زرانی مه‌عریفه‌ی زانستیدا. لای باشلار حه‌قیقه‌ت واتای خۆی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. وه‌ك بڵێی "بوونه‌كه‌ی" قه‌رزاری هه‌ڵه‌یه‌، بگره‌ "وێنه‌ی فیكری زانستی خۆیشی هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ حه‌قیقه‌تێكی چنراو له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی هه‌ڵه‌". لێره‌دا ''حه‌قیقه‌تى یه‌كه‌می و مه‌عریفه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویست بوونی نییه‌. هه‌ڵه‌كان یه‌كه‌مینن''. واته‌ له‌ سه‌ره‌تادا هه‌ڵه‌ هه‌بوو. ''هه‌ر حه‌قیقه‌تێكی نوێیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویست دروست ده‌بێت.. و هه‌ر ئه‌زموونێكی بابه‌تیی دروست به‌رده‌وام ده‌بێت چۆنیه‌تی ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ خۆییه‌كان دیاریی بكات''.
هه‌ڵه‌ و جه‌هل، له‌ ڕوانگه‌ی خاوه‌نی "فه‌لسه‌فه‌ی نەخێر"وه‌ نه‌قس و نه‌نگی و نا-بوون نییه‌. جه‌هل بۆشایی مه‌عریفیی نییه‌، جه‌هل چڕی و پڕییه‌. مه‌عریفه‌یش "له‌ جه‌هاله‌ته‌وه‌ ده‌رناچێت وه‌ك ده‌رچوون و ده‌ركه‌وتنی ڕوناكی له‌ تاریكییدا". جه‌هل بونیادێكی یه‌كگرتوو و پته‌وه‌ "پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ڵه‌ ئه‌رێنییه‌ كۆنكرێتی و هاوبه‌نده‌كان".
 فیكر كه‌ له‌به‌رده‌م مه‌عریفه‌ی زانستیدایه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "هه‌رگیز دروستبوونه‌كه‌ی نوێ نییه‌، به‌ڵكو به‌ساڵاچوویه‌كی پیره‌ و ته‌مه‌نێكی درێژی بەسەربردووە، كه‌ كتومت ته‌مه‌نی هه‌ڵه‌كانه‌". "كاتێكیش ده‌گه‌ینه‌ حه‌قیقه‌ت ئه‌مه‌ پێشكه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون نییه، به‌ڵكو پێداچوونه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ به‌ره‌و دوا. هه‌میشه‌ حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت گریمانه‌ی بكه‌ین نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت باوه‌ڕی پێ بهێنین. هه‌ر گه‌یشتنێك به‌ حه‌قیقه‌ت ده‌بێت به‌ ناچاری جۆرێك "په‌شیمانبوونه‌وه‌ی فیكری"ى له‌گه‌ڵدا بێت.
ئیدی مه‌عریفه‌ له‌م دۆخه‌دا گه‌شه‌كردن و كه‌ڵه‌كه‌بوون نییه‌، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌ و په‌شیمانبوونه‌وه‌ و "ئەسەفە بۆ له‌ده‌ستچووه‌كان" و ئه‌و شته‌ی كه‌ فیكر بۆته‌ قوربانییه‌كه‌ی. ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ بۆ له‌ده‌ستچووه‌كان، ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ پێی ده‌وترێت جینالۆژیای حه‌قیقه‌ت، یان هه‌ڵكۆڵینی مه‌عریفه‌، یان مێژووی پێكهاته‌سازی، به‌ڵام هەموویان دوای هه‌مان ستراتیژییه‌ت ده‌كه‌ون. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌بێت جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ کە ئه‌م ستراتیژییه‌ته‌، وه‌ك ستراتیژییه‌تێكی دژەبەر و بەرهەڵست، ناكرێت له‌ گۆشه‌گیری و دووره‌په‌رێزیدا دروست ببێت، به‌ڵكو له‌ بنه‌ڕه‌تدا دژی مه‌عریفه‌ و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كانە و بۆ تێكشكاندن و هه‌ڵكۆڵینی ژێر پێیان دروست ده‌بێت. هیچ بونیادنان و دروستكرنێك بێ له‌ناوبردن و ڕوخاندن بوونی نییه‌، هیچ حه‌قیقه‌تێك به‌ بێ هه‌ڵه‌ بوونی نییه‌.    

سەرچاوە:
عبدالسلام بنعبد العالي، في مديح الخطأ، حكمة-من أجل إجتهاد فلسفي، 2015.

Tuesday, 17 February 2015

نیولیبرالیزم

پێشه‌كی كتێبی "كورته‌ مێژووی نیولیبرالیزم"

داڤید هارڤه‌ی
وەرگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د

مێژوونووسه‌ داهاتووگه‌راكان1 ساڵانی 1978-1980 به‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ مێژووی جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری، داده‌نێن. له‌ ساڵی 1978 دا، "دینگ خیاوبینگ"2 یه‌كه‌م هه‌نگاوی یه‌كلاكه‌ره‌وانه‌ی به‌ره‌و لیبرالیزه‌یشن هه‌ڵگرت بۆ ئازادكردنی ئابورییه‌ك، كه‌ كۆمۆنیزم له‌ وڵاتێكدا به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، كه‌ پێنج له‌سه‌ر یه‌كی دانیشتوانی جیهانی پێكده‌هێنا. ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ی كه‌ دینگ گرتبوویه‌ به‌ر، ئامانجی ئه‌وه‌ بوو له‌ ماوه‌ی دوو ده‌یه‌دا، چین له‌ ده‌وڵه‌تێكی دواكه‌وتووی دووره‌په‌رێز و به‌سه‌رخۆدا داخراوه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ناوه‌ندێكی كراوه‌ به‌سه‌ر دینامیكییه‌تی سه‌رمایه‌داریدا، ئه‌وه‌یش به‌ تێكڕای گه‌شه‌كردنێكی خێرا و به‌رده‌وام، كه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا نموونه‌ی نه‌بێت. له‌به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی ده‌ریای ئارامدا و له‌ هه‌لومه‌رجێكی ته‌واو جیاوازدا، پاۆل ڤۆلكه‌ر3، كه‌ له‌و كاته‌دا كه‌سێكی زۆر دیار نه‌بوو (له‌ ئێستادا ناوبانگی بڵاوه‌)، سه‌ركردایه‌تی بانكی یه‌ده‌گیی فیدراڵی ئه‌مریكی، له‌ مانگی ته‌موزی 1979دا گرته‌ ده‌ست، له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی كه‌مدا گۆڕانكارییه‌كی دراماتیكی له‌ سیاسه‌تی دراوی ئه‌مریكیدا دروست كرد، له‌و كاته‌یشه‌وه‌ بانكه‌كه‌ پێشه‌نگیی جه‌نگێكه‌ كه‌ دژ به‌ هه‌ڵاوسان به‌رپای كردووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی سه‌رنج له‌ ئاكامه‌كانی بدات (به‌ تایبه‌تیش ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ بێكارییه‌وه‌ هه‌یه‌). له‌ به‌ری ئه‌تڵه‌سیشدا، مارگرێت تاتچه‌ر4 له‌ مانگی نیسان/ئه‌پریلی 1979 دا، كه‌ تازه‌ به‌ سه‌رۆك‌وه‌زیرانی به‌ریتانیا هه‌ڵبژێردرابوو، ویلایه‌ته‌كه‌ی ده‌ستی پێكرد و ئه‌مه‌یش هێزی ئه‌وه‌ی پێدابوو سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكا كرێكارییه‌كان دابنێت و كۆتایی به‌ حاڵه‌تی نه‌خوازراوی ئه‌و داكشانه‌ هه‌ڵئاوساوییه‌5 بهێنێت كه‌ له‌ ده‌یه‌ی پێشوودا وڵاته‌كه‌ی گرتبووه‌وه‌. پاشان له‌ ساڵی 1980دا ڕۆناڵد ڕه‌یگان6 به‌ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵبژێردرا، به‌ بلیمه‌تی و كاریزمایی كه‌سییانه‌ی خۆی توانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌رله‌نوێ بخاته‌وه‌ سه‌ر ڕێگای بوژانه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ی ئابوری، ئه‌وه‌یش له‌ ڕێگه‌ی پشتیوانیكردن له‌ هه‌نگاوه‌كانی فۆلكه‌ر، له‌ بانگی یه‌ده‌كی فیدراڵیدا و تێكه‌ڵكردنی به‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌ ئامانجیان ئه‌وه‌بوو سنورێك بۆ هێزی كار دابنێن، هه‌روه‌ها سه‌ربه‌ستكردنی كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و ڕزگاركردنی سامان و سه‌روه‌ته‌كان له‌و كۆتوبه‌نده‌ ڕێكخه‌رییانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پێنرابوو، ئینجا ئاگاداریكردن و پاراستنی هێزی پاره‌، له‌ یه‌ك كاتدا، هه‌م له‌ ناوه‌وه‌ و هه‌م له‌سه‌ر شانۆی جیهانی. له‌م سه‌نته‌ره‌ زۆروزه‌به‌نده‌ هه‌ژێنه‌رانه‌وه‌، شتێكی وه‌ك پاڵهێزی شۆڕشگێڕیی له‌پانتاییه‌كی به‌رفراواندا بڵاوبوویه‌وه‌و ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌مه‌وه‌چوونیشی سه‌رله‌نوێ جیهانی ده‌وروبه‌رمانی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو جیاواز داڕشته‌وه‌.
وه‌رچه‌رخانی وه‌ها به‌رفراوان و قووڵ به‌ ڕێكه‌وت ڕووناده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌یه‌ گه‌ڕانه‌ به‌دوای چییه‌تی ئه‌و كه‌ره‌سته‌ و ڕێگایانه‌دا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێكهاته‌ی ئابوری نوێ –كه‌ زۆر جار ده‌خرێته‌ ژێر ده‌سته‌واژه‌ی "جیهانگیری"ـیه‌وه‌-، له‌ هه‌ناوی قۆناغه‌ كۆنه‌كانی پێشترییه‌وه‌، هێنرایه‌ ده‌رێ. هه‌ریه‌كه‌ له‌ فۆلكه‌ر و ره‌یگان و تاتچه‌ر و دینگ خیاوبینگ ئه‌و ئه‌رگومێنتانه‌ی كه‌مینه‌7یان وه‌رگرت، كه‌ سه‌رده‌مێكی درێژبوو بڵاوبووبوونه‌وه‌، ئه‌مان گۆڕیان به‌ ئه‌رگومێنته‌كانی زۆرینه‌8 (له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌مه‌ به‌ بێ ململانێیه‌كی درێژ ڕووینه‌دا). ره‌یگان نه‌ریتی كه‌مینه‌ی له‌نێو حیزبی كۆمارییدا زیندوو كرده‌وه‌، كه‌ مێژووه‌كه‌ی هی سه‌رده‌می باری گۆلد وۆته‌ر9 بوو له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا. بینگیش قه‌ڵه‌مڕه‌ویی سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵكشاوی له‌ یابان و هۆنگ كۆنگ و سه‌نگافوره‌ و كۆریای باشوودا ده‌بینی، بۆیه‌ له‌بری پلانی ئابوریی سه‌نتراڵی، كاری كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی كۆمۆنیزمی بازاڕ و هه‌وڵیدا بیقۆزێته‌وه‌ و به‌كاری بهێنێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌وڵه‌تی چینی و هه‌نگاوێك بیباته‌ پێش. فۆلكه‌ر و تاتچه‌ریش له‌ سایه‌ی ئاڵۆزییه‌كی ڕێژه‌ییدا، دۆكترینێكی دیاریكراویان به‌رهه‌مهێنا، كه‌ به‌ "لیبرالیزمی نوێ"10 ناوزه‌د كرا و كردیانه‌ بنه‌مای سه‌نتراڵ بۆ ئاراسته‌كردنی فیكری ئابوری و به‌ڕێوه‌بردن. ڕێك ئه‌م دۆكترینه‌ -ئه‌سڵه‌كانی و هه‌ڵكشانی و ناوه‌ڕۆكه‌كانی- ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ له‌م كۆنتێكسته‌دا بایه‌خی پێده‌ده‌م.
نیولیبرالیزم به‌ر له‌ هه‌ر شتێك تیۆرێكه‌ ده‌رباره‌ی پراكتیكی سیاسی و ئابوری، بڕوای وایه‌ باشترین ڕێگا بۆ باشتركردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی دۆخی مرۆیی وا له‌ ئازادكردنی ئازادی و لێهاتووییه‌ داهێنه‌رییه‌ بازرگانییه‌كانی تاكه‌كه‌سدا11، له‌نێو چوارچێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی گشتیدا، كه‌ به‌ تووندی پارێزگاری له‌ مافه‌كانی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و ئازاديی بازرگانی و ئازاديی بازاڕه‌ ئابورییه‌كان، ده‌كات. له‌م تیۆره‌دا ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت وا له‌ دۆزینه‌وه‌ی پارێزبه‌ندیی ئه‌و چوارچێوه‌ دامه‌زراوه‌ییه‌دا كه‌ بۆ ئه‌و پراكتیكانه‌ گونجاوه‌. بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت پێویسته‌ گره‌نتی به‌ها و سه‌لامه‌تیی سامانه‌ داراییه‌كان بكات، ده‌بێت په‌یكه‌ربه‌ندی و وه‌زیفه‌ سه‌ربازی و به‌رگری و ئاساییشی و دادوه‌رییه‌كان دابمه‌زرێنێت بۆ پاراستنی مافه‌كانی موڵكایه‌تی تایبه‌ت و له‌ كاتی پێویستیشدا هێز به‌كاربهێنێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كاری بازاڕه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو. هه‌روه‌ها ده‌بێت ده‌وڵه‌ت، له‌ دۆخێكدا كه‌ بازاڕی ئابوری (له‌ بواره‌كانی وه‌كو زه‌وی و ئاو و فێركردن و چاودێریی ته‌ندروستی و ده‌سته‌به‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی یان پیسبوونی ژینگه‌دا) له‌ ئارادا نه‌بێت، بازاڕ په‌یدا بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بێت له‌ڕێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆوه‌ ئه‌م كاره‌ بكات. له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌م ئه‌ركانه‌وه‌، ده‌وڵه‌ت هه‌رگیز بۆی نییه‌ سه‌ركێشی و ده‌ستێوه‌ردان بكات. به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ئابوریدا پێویسته‌ ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام كه‌مترین ده‌ستێوه‌ردانی پێویست له‌ بازاڕه‌كاندا بكات (دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م بازاڕانه‌ داده‌مه‌زرێنێت یان په‌یدایان ده‌كات)، چونكه‌ به‌ پێی ئه‌م تیۆره‌، ده‌وڵه‌ت ناتوانێت زانیاری پێویست به‌ده‌ست بهێنێت كه‌ توانای ئه‌وه‌ی پێبدات لێكدانه‌وه‌ و خه‌مڵاندن بۆ ئاماژه‌ده‌ره‌كانی بازاڕ (نرخه‌كان) بكات، یان پێشبینیان بكات؛ هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی گروپه‌كانی فشار و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كان (به‌تایبه‌تیش له‌ ده‌وڵه‌ته‌ دیموكراسییه‌كاندا) هه‌میشه‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان ده‌شێوێنن و ده‌قۆزنه‌وه‌.
له‌ حه‌فتاكانه‌وه‌، هه‌ردوولایه‌نی بیركردنه‌وه‌ و پراكتیكی سیاسی-ئابوری، سه‌رله‌به‌ر وه‌رچه‌رخانێكی ڕوون و ئاشكرا و به‌هێزیان به‌ره‌و نیولیبرالیزم به‌سه‌ردا هات. به‌ربه‌ره‌ڵایی و سه‌ربه‌ستكردنی ئابوری له‌ كۆتوبه‌ند و ڕێكخستنه‌كان و كشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی چه‌ندین بواری چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ هه‌موو شوێنێكی جیهاندا و له‌ به‌رفراوانترین پانتایدا باو و به‌ربڵاوبوو. زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ده‌وڵه‌تان – هه‌م ئه‌وانه‌ی كه‌ تازه‌ "له‌ سككه‌درابوون"12 دوای ڕوخانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و هه‌میش ده‌وڵه‌تانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆشیال دیموكراتی ته‌رزی كۆن، وه‌كو سوید و نیوزله‌ندا- نوسخه‌یه‌كی چاككراوی تیۆری نیولیبرالیزمیان هه‌ڵگرته‌وه‌، هه‌ندێجار به‌ خۆشی خۆیان و هه‌ندێجاریش له‌ ژێر فشاره‌ ناچاركه‌ره‌كاندا، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ لایه‌نیكه‌م هه‌ندێك سیاسه‌ت و پراكتیكی خۆیان گۆڕی. ته‌نانه‌ت باشوری ئه‌فریقای پاش ئاپارتاید13، به‌خێرایی باوه‌شی بۆ نیولیبرالیزم گرته‌وه‌، وایش پێده‌چێت، وه‌ك دواتر ده‌بینین، كه‌ وڵاتی چینیی نوێیش به‌ هه‌مان ئاراسته‌دا ده‌ڕوات. وێڕای ئه‌مه‌یش، له‌مڕۆدا بانگه‌شه‌كارانی نیولیبرالیزم له‌ بواره‌كانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن (زانكۆكان و چه‌ندین په‌یمانگای لێكۆڵینه‌وه‌)، ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن، هۆڵه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمپانیا گه‌وره‌كان و دامه‌زراوه‌ داراییه‌ جیاوازه‌كان، دامه‌زراوه‌كانی هه‌ستیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت (وه‌زاره‌ته‌كانی خه‌زێنه‌ و بانكه‌ ناوه‌ندییه‌كان)، دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌كو سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی (IMF) و ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی  (WTO) و بانكی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی دیكه‌دا، كه‌ جوڵه‌ی دارایی و بازرگانیی جیهانی ڕێكده‌خه‌ن، پێگه‌ی زۆر كاریگه‌رییان گرتووه‌. به‌ كورتی، نیولیبرالیزم وه‌ك مۆدێلێكی گوتار هه‌ژموونی خۆی سه‌پاندووه‌ و كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر شێوازه‌كانی بیركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئاوێزانی هه‌ستی سه‌لیم14 بووه‌ و بۆته‌ كڵێشه‌یه‌ك بۆ ته‌فسیركردن و تێگه‌یشتن له‌ جیهان و شێوازی ژیان له‌و جیهانه‌دا.
به‌ڵام وا پێده‌چێت پرۆسێسی نیولیبرالیزم ئاكامی زۆر "خاپووركردنی داهێنه‌رانه‌"15ی له‌گه‌ڵدا بووه‌‌، نه‌ك ته‌نیا شكاندنی چوارچێوه‌ و هێزه‌ دامه‌زراوه‌ییه‌كانی پێشتر (كه‌ ته‌نانه‌ت ته‌حه‌دای فۆڕمه‌ ته‌قلیدییه‌كانی ده‌وڵه‌تی حاكمیه‌تی16 كردووه‌)، به‌ڵكو شكاندنی دابه‌شكردنه‌كانی كار، په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خزمه‌تگوزارییه‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێكهاته‌ ته‌كنۆلۆژییه‌ جیاوازه‌كان، شێوازه‌كانی ژیان، بیركردنه‌وه‌، چالاكی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ و زۆربوون، په‌یوه‌ندی به‌ زه‌وی و نه‌ریته‌ هه‌سته‌كی و ویژدانییه‌كانیش. نیولیبرالیزم پێیوایه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵوگۆڕكارییه‌كان له‌ بازاڕی ئابوریدا »له‌خۆیدا به‌هایه‌كی ئه‌خلاقییه‌، ده‌توانێت ببێته‌ ڕێنمای كار بۆ كرده‌ی مرۆیی به‌سه‌رجه‌م شێواز و فۆڕمه‌كانییه‌وه‌ و، جێگیره‌وه‌ی سه‌رجه‌م بیروباوه‌ڕه‌ ئه‌خلاقییه‌كانی پێشتریشه‌)، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ گرێبه‌ستییه‌كان17 له‌ مه‌یدانی بازاڕدا، ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها باوه‌ڕی به‌ توانای به‌رزكردنه‌وه‌ی خێروبێره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه‌ تا دوا سنووری خۆی، ئه‌وه‌یش له‌ ڕێگه‌ی به‌رفراوانكردنی ته‌وه‌ری مامه‌ڵه‌كانی بازاڕه‌وه‌ تا دوایین ڕاده‌ی خۆی، بۆیه‌ هه‌وڵده‌دات سه‌رجه‌م شێوازی كرده‌ی مرۆیی بخات نێو پانتایی بازاڕه‌وه‌. ئه‌مه‌یش به‌ زه‌روره‌ت پێویستی به‌ داهێنانی ته‌كنۆلۆژیای جیاوازی زانیاری و دۆزینه‌وه‌ی تواناكانی كه‌ڵه‌كه‌ڵكردن و خه‌زنكردن و گۆڕین و شیكردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانی ڕێسای زانیارییه‌ زۆروزه‌به‌نده‌كان هه‌یه‌، بۆ ڕێنماییكردن و ئاراسته‌كردنی بڕیاره‌كان به‌ درێژایی مه‌یدانی بازاڕی جیهانی، ڕێك لێره‌دایه‌ كه‌ نیولیبرالیزم بایه‌خێكی ئێجگار زۆر به‌ ته‌كنۆلۆژیای زانیاریی ده‌دات (ئه‌مه‌یش وای له‌ هه‌ندێكیان كرد كرد، كه‌  سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی جۆرێكی نوێی "كۆمه‌ڵگه‌ی زانیاری" ڕابگه‌یه‌نن). ئه‌م ته‌كنۆلۆژیایانه‌ پشتیان به‌ست به‌ چڕبوونه‌وه‌ی زیاتری مامه‌ڵه‌ شوێنی و كاتییه‌كانی بازاڕ، بۆیه‌ پاڵهێزێكی به‌هێزیان به‌رهه‌مهێنا به‌ره‌و ئه‌و شته‌ی، كه‌ له‌ جێیه‌كی تردا ناوم ناوه‌ "چڕبوونه‌وه‌ی كاتی-شوێنی"، به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ به‌فراوانبوونی مه‌ودای جوگرافی (له‌به‌رئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ جه‌خت له‌سه‌ر بایه‌خی "جیهانگیری" ده‌كرێته‌وه‌) و كورتبوونه‌وه‌ی كاتی گرێبه‌ستی بازاڕدا، سوود زیاتر ده‌بێت. ئه‌م له‌پێشترێتییه‌ی كه‌ كاتی ماوه‌ كورت هه‌یه‌تی ته‌ریب و هاوتایه‌ به‌ وه‌سفه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی لیوتار بۆ حاڵه‌تی "پۆست مۆدێرنیتی"، كه‌ تێیدا "گرێبه‌ستی ده‌ستبه‌جێ و كاتی" جێگای "دامه‌زراوه‌ هه‌میشه‌ییه‌ پیشه‌یی و عاتیفی و ڕه‌گه‌زی و كولتوری و خێزانی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئینجا دامه‌زراوه‌ی كاروباری سیاسییش" ده‌گرێته‌وه‌. وه‌ك پێشتر له‌ كتێبی "دۆخی پۆستمۆدێرنیتی"دا وتوومه‌، ئه‌و ئاكامه‌ كولتورییانه‌ی كه‌ له‌م هه‌ژموونه‌ ئه‌خلاقییه‌ی بازاڕ ده‌كه‌ونه‌وه‌، زۆروزه‌به‌ند و پێكه‌وه‌به‌ستراون.
له‌ كاتێكدا له‌مڕۆدا چه‌ندین گیڕانه‌وه‌ی گشتی هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی گۆڕانه‌ جیهانییه‌كان و شوێنه‌وار و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م گۆڕانانه‌، ئه‌وه‌ی به‌ گشتی نیمانه‌و نوقسانه‌ چیرۆكێكی سیاسی/ئابوریی نیولیبرالیزمه‌: له‌ كوێوه‌ هاتووه‌ و چۆن به‌ وه‌ها گشتگیرییه‌ك له‌ سه‌ر شانۆی جیهانی بڵاوبۆته‌وه‌؟ هه‌روه‌ها به‌ ئومێدم به‌یه‌كداچوونه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌ بده‌ن به‌بوونی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ دیاریكردن و دامه‌زراندنی ڕێككارییه‌ سیاسی و ئابورییه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كان.
له‌م دواییانه‌دا سوودم وه‌رگرت له‌و گفتوگۆیانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ "جیرار دومینیل" و "سام گیندن" و "لیۆ پانچیچ"ـدا ئه‌نجاممداون، قه‌رزی ماوه‌یه‌كی پێشتریشم له‌ئه‌ستۆیه‌، هی "ماسیۆ میوشیی" و "جیۆڤانی ئه‌ریگی" و "پاتریك بۆند" و "سیندی كاتز" و "نیل سیمیس" و "پیتره‌ل ئۆلمان" و "ماریا كایكا" و "ئیریك سۆنگیدۆ"یه‌، كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كدا ده‌رباره‌ی نیولیبرالیزم، به‌ چاودێریی دامه‌زراوه‌ی "ڕۆزا لۆكسمبۆرگ" له‌ به‌رلین، له‌ تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2001 ڕێكخرابوو، له‌گه‌ڵیاندا كۆبوومه‌وه‌ و ئه‌مه‌یش وه‌ك مه‌شخه‌ڵێك بوو كه‌ وای لێكردم گرنگی به‌م بابه‌ته‌ بده‌م.
پەراوێزەکان:
1.       Future historians
2.       Deng Xiaoping
3.       Paul Volcher
4.       Margaret Tatcher
5.       Miserable inflationary
6.       Ronald Reagan
7.       minority
8.       Majoritarian
9.       Barry Goldwater
10.    neoliberalism
11.    Liberating individual entrepreneurial freedoms.
12.    newly minted
13.    Post-apartheid
14.    common-sense
15.    creative destruction
16.    state sovereignty
17.    contractual relations

سه‌رچاوه‌كانی وه‌رگێڕانی ئه‌م وتاره‌:  
1-   ديفد هارفي، الليبرالية الجديدة (موجز تأريخي)، ترجمة: مجاب الإمام، الناشر للنشر, العبيكان, الطبعة الأولى, 2008، ص11-16.
David Harvey, A brief History of Neoliberalism, Oxford University Press, New York, 2005, P
تێبینى: ئەم وتارە یەکەمجار لە سایتى نێگەتیڤ و دووەمجار لە کتێبى "لیبراڵیزم و نیولیبراڵیزم"، زنجیرەى چەمکە فەلسەفیەکان"ـى دەزگاى ئایدیادا بڵاوبۆتەوە. بڵاوبۆتەوە. بۆ بینین کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە: 

Sunday, 15 February 2015

نووسەر کێیە؟

عەبدوسەلام بنعەبد عالی
وەرگێڕانی: هاوار محەمەد


      بەهۆی كاریگەری چەند هۆكارێكەوە كە فۆكۆ دەیانگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەی ئەوروپا "بنەمای نووسەر لە هەڕەمەكیبوونی گوتار قوتاری بوو، ئەویش بەهۆی شوناسێكەوە كە شێوەی تاكایەتی یان من-ی بەخۆیەوە گرت". جا بۆئەوەی ڕاڤەی كتێبەكان بكەین دەستمانکرد بە لێکۆڵینەوە لەو جەمسەرەى كە بەرهەمی دەهێنان. بۆیە نووسەر بووە بنەمای كۆكردنەوەی گوتار و یەكێتیی واتاكانی و بنەڕەتەكەی. نووسەر بوو كە ڕێی دەدا ڕاڤەی ئەو دەرەنجامانە بكەین وا لە ڕوودانی ڕووداوێكی دیاریكراو دەكەوتنەوە، هەر ئەویش بوو كە گۆڕان و بەرزونزمییە جیاوازەكانی نووسینەكەی بۆ ڕاڤە دەكردین، ئەوەیش لەڕێگەی بەدواداچوون بۆ سەربردەی ژیانی و شیكردنەوەی ئینتیما كۆمەڵایەتییەكەی و هەڵوێستە چینایەتییەكەیەی و دەرخستن و باسكردن لە پرۆژە فیكرییە سەرەكیەكەی.
     كەواتە نووسەر ئەو پرەنسیپە بوو هەلی لەنێوبردنی ئەو لێكدژییانەی دەڕەخساند كە دەشیا لە زنجیرەیەك دەقدا دەر بكەون: دەبوو، لە هزرەكانی یان ئارەزووەكانیدا، لە خودئاگای یان ناخودئاگایدا، خاڵێك هەبێت لێكدژییەكان هەڵوەشێنێتەوە و ڕەگەزە ناكۆكەكان لە یەكتر ببەستێتەوە، یان لایەنی كەم لێكدژییەكان لە دەوری بنچینە و بنەڕەتێك ڕێك بخات. "نووسەر ڕوانگەیەكی دیاریكراوی دەربڕینە كە بە یەكسانی لەنێو بەرهەمەكانی و ڕەشنووسەكانی و نامەكانیدا دەردەكەوێت". هەر بەهۆی ئەوەوە كۆدەبنەوە و و هەر لەویشەوە ڕاڤەیان دەكرێن.
      وێڕای ئەوەی قەڵەمڕەویی نووسەر هێشتایش زۆر بەهێزە، كەچی ئاشكرایشە كە دەمێكە هەندێك نووسەر هەوڵیان داوە بیخەنە لەرزین و پاشەكشەی پێ‌ بكەین. مالارمێ‌ یەكەم كەس بوو ئەوەی ڕوون كردەوە پێویستە زمان خۆی جێگای هەر شتێكی تر بگرێتەوە كە تا ئەو سەردەمە خۆی بەخاوەنی ئەو زمانە دەزانی. ئەوە زمانە قسە دەكات. وەك بارتیش دەڵێت ئەگەر من بنووسم "مانای وایە، یەكەمجار لەڕێگەی سڕینەوەی خۆمەوە، خۆم دەگەیەنم بەو خاڵەی كە نەك (من) بەڵكو زمان ئیشی تێدا دەكات".
       ئەم كەمكردنەوەیە لە ڕۆڵی نووسەر تا ڕادەی كوشتن و سەركوتكردنیشی پەرەیسەند، بۆیە هەندێك نووسەر لەبارەی "مەرگی نووسەر"ەوە دووان و كەسانی تریان خستە بری ئەو. جا ئەوەبوو خوێنەر خرایە شوێنی نووسەر.
      بەمجۆرە ئیدی یەكێتیی دەقەكە بەهۆی چاوگەكەی یەكەمجارییەوە نەبوو بەڵكو مەبەستەكەی و ئاراستەكەی ئەم یەكێتییەیان پێ‌ دەدا. خوێنەر بووە ئەو فەزایەی كە سەرجەمی ئەو كۆدانەی تێدا دادەنرا كە نووسینەكەیان لێ‌ پێك دەهات بێ‌ ئەوەی هیچ كۆدێكیان ون بكات یان خەسار بكات". لێرەدا پێویستە جەخت لەوە بكەینەوە ئەم گۆڕانە جێگرتنەوەی بكەرێك بە بكەرێكی دیكە و "من" بە كەسێكی دیكە نییە. خوێنەر لێرەدا كەسێك نییە لە گۆشت و خوێن. وەك بارت دەڵێت "مرۆڤێكە نە مێژوویەكی هەیە و نە ژیانێكی كەسی و نە ژیانێكی دەروونی". ئەو هیچ نییە جگە لەو كەسەی كە هەموو ئەو شوێنەوار و جێماو و جێكەوتانەی نێو ئەو كایە كۆدەكاتەوە كە نووسین تێیدا پێك دێت.
     بەم واتایە كەسایەتییەك هەیە لە خوێنەری ئاسایی "بەهێزترە" كە نووسەر لە وەختی واژووكردنی دەقەكانیدا وەرز دەكات و بگرە خەریكە ناویشی لە پشتی هەر كتێبێك دەسڕێتەوە. ئەویش كەسایەتی "بڵاوكەرەوە"یە.
      هایدیگەر هەر لە كۆتایی سییەكانەوە لە پەیوەندی لێكۆڵینەوە و نووسین بە داواكارییەكانی خانەی بڵاوكردنەوەكان ئاگاداری كردووینەتەوە "ئەو داواكارییانەی كە لەژێرباری ئەو لیستانەدایە كە پێویستە لەبارەیانەوە بنووسرێن و ئەو لیستانەی كە نابێت بەرهەم بێن".
      بە بۆچوونی هایدیگەر گرنگی بڵاوكەرەوە لەوەدا نییە كە بەهۆی ڕاهێنان و نزیكایەتی لە بازاڕی خوێنەرانەوە، شارەزایی بازرگانی پەیدا دەكات، بەڵكو لەوەدایە كە بەهۆی كۆكردنەوەی واتای وشەكانەوە هەستێكی "ڕەخنەیی" بۆ دروست دەبێت. بایەخی بڵاوكەرەوەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە "كارەكەیان شێوەی پلانێكی داڕێژراوی هەیە كە خۆی ڕێك دەخاتەوە و ئیش دەكات بۆ زانینی ئەو چۆنییەتییەی كە بەهۆیەوە دەتوانێت وەك پروپاگەندە لەڕێگەی بڵاوكردنەوەیەكی مەبەستدارانە و زنجیرە و لیستی كتێبەكانەوە بچێتە نێو جیهانەوە. خستنەبازاڕی كۆ-بەرهەم و زنجیرەكان و گۆڤارەكان و كتێبە گیرفانییەكان هیچ نین جگە لە هەوڵی بڵاوكەرەوەكان. ئەو هەوڵانەی كە لەگەڵ مەبەست و ئامانجی لێكۆڵەراندا یەك دەگرنەوە، نەك لەبەرئەوەی ئەو لێكۆڵەرانە بەو جۆرە كتێبانە زیاتر بەناوبانگ دەبن، بەڵكو لەبەرئەوەی بەشێوەیەكی پێشكەوتووتر كاریگەریی ڕاستەوخۆ دادەنێن و دەگەن بە مرازی خۆیان".
      ڕەنگە ئیدی بێ‌سوود بێت پرسیار لەبارەی ئەوە بكەین كام لەم كەسایەتییانە (نووسەر/ خوێنەر/ بڵاوكەرەوە) لە "بوون"ـی كتێبەكە بەرپرسن؟ خۆ وەك دەووترێت مەرج نییە ژیانی یەكێكیان مانای مەرگی ئەوی دیكەیان بێت. ئەمە جگە لەوەی هەر هەموویان و بگرە بڵاوكەرەوەكەیش، تاكە كەسایەتییەك نین، بەڵكو تۆڕێكی ئاڵۆز و بەیەكداچووی كاریگەرییە ڕیشەییەكانی مێژوو و كۆمەڵگەن.
 
سەرچاوە:
عبدالسلام بنعبد العالی: میتولوجیا الواقیع، دار توبقال للنشر، الگبعە اڵاولی، 1999، ص 46-48.

Sunday, 14 December 2014

دۆلۆز، مێژووناسی فەلسەفە


عەبدوسەلام بنعەبد عالی
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

      لە كاتی قسەكردنماندا لەسەر ئەم بابەتە دەبێت دوو كێشە لە خۆمان دوور بخەینەوە: یەكەمیان ئەم بابەتە بە هیچ كلۆجێك پەیوەست نییە بە هیچ هەوڵێكی پێكهاتن و تەباكردنەوە (سەنتێنز) جا شێوەكەی هەر چۆنێك بێت. دووەمیشیان: لێرەدا خۆمان بەدوور گرتووە لە "مۆدێل"ـی باوی كۆتایی و مەرگی فەلسەفە. كەواتە دەبێت لەسەر دوو پرس قسە بكەین كە بڕێك لە دژواری و سەختی هەڵدەگرن. پەیوەندی دۆلۆز بە هیگڵەوە، و پەیوەندی دۆلۆز بە هایدگەرەوە. قسەكردن لەبارەی پرسی یەكەمیانەوە دوادەخەین بۆ ئەوەی لە میانەی هەڵوەستەكردن لەسەر پرسی ئەم "كۆتایی فەلسەفە"یەوە بە باسكردنی پەیوەندی دۆلۆز بە هایدگەرەوە دەست پێبكەین. مەبەستم لەمەش ئەو كۆتاییە نییە كە "حیكایەتی نێو كایەی ڕۆشنبیریی فەرەنسی" بانگەشەی بۆ دەكات و ناوی ناوە مەرگی فەلسەفە، بەڵكو پرسێكی فەلسەفییە كە هزریی هاوچەرخی لە سەرجەم لایەنەكانییەوە بەرەو خۆی كێش كردووە.
     هەموومان "لێدوان"ـە جیاوازەكانی دۆلۆز لەبارەی ئەم بابەتەوە دەزانین. ئەو هێشتاش باس لەوە دەكات "هەرگیز خۆی بە پرسی كۆتایی فەلسەفەوە سەرقاڵ نەكردووە" كە بە بڕوای ئەو "فەلسەفە هەنوكەش وەزیفەیەكی زیندووی هەیە، ئەو وەزیفەیەش داهێنانی چەمکەکانـە".
       دژی ئەو تاك وێنەییەی كە مۆدێرنە بۆ قەدەری هزر دروستى دەكات و وا خەریكە بەرەو ئاوابوون دادەگەڕێ، دۆلۆز لە بری تێپەڕاندنی هایدگەرییانە، صیرورە ]بوونبە..[ پەرشوبڵاوە ناكۆتاكان دێنێتە پێش، ئەمەش بە شاراوەیی لەپشتی ئەو وێنەیەوە ئیش دەكات كە وەك كانونی فەلسەفی خۆی دەخاتە ڕوو، لێرەدا لەجیاتی كۆتایی و مەرگی فەلسەفە باس باسی "دەرچوون" ]و ترازان[ـە لە مێژووی فەلسەفە "كە ئامانج وەڵامدانەوەی پرسیارەكان نییە، بەڵكو دەرچوونە، دەرچوونە لێی".
       دۆلۆز بایەخی بە خاڵی كۆتایی یان چركەساتی كامڵبوون نەداوە، وەك ئەوەی بڵێین نیشانەكانی ئەم كامڵبوونە لای هیگڵ دەبینینەوە، یاخود بڵێین هیگڵ چركەساتی كامڵبوونە، یاخود هەرایەكی بێ‌ سوود بنێینەوە لەباری ئەوەی ئایا نیچە سەر بە مێژووی میتافیزیكە یان نا. لەبەر ئەوەی خاڵەكانی كۆتایی، یان كەلێنەكانی دەرچوون، نا كۆتان. دۆلۆز دەبێژێت: «بە پاڵ باشترینی ئەو نووسەرانەوە بووم كە پێدەچێ‌ سەر بەمێژووی فەلسەفە بووبن. بەڵام لە یەكێك لە لایەنەكانییەوە لێی دەرباز بوون و ئینجا بە تەواوی لێی دەرچوون، وەكو لۆكریس و سپینۆزا و هیوم و نیچە و برگسۆن».
       لە كایەی هزردا بنەمایەكی هاوبەش بوونی نییە، بۆیە هزرمەندەكان هەمان پرسیار ناخەنەڕوو و ئیش بە هەمان جیهانبینیش ناكەن. هیچ شتێك نییە بیرمەندەكان كۆ بكاتەوە و بیانخاتە نێو یەك مێژووەوە. هەیە و نییە كۆمەڵێك جموجوڵی تاك و تەرا و هێلگەلێكی لێك پچڕاون. كەواتە بابەتەكە پەیوەست نییە بە تێپەڕاندنی مێژووی فەلسەفەوە، بەڵكو پەیوەستە بە تێكشكاندنی یەكێتییە وەهمییەكەیەوە بۆ ئەوەی بگەینەوە بەوەی كە تاك و دانسقەیە. بابەتەكە پەیوەستە بە زیندووكردنەوەی ڕووداوەوە بە خۆی و تاكێتی و دەگمەنییەكەیەوە لەنێو ئەوەی پێی دەوترێت بزوتنەوەی گشتی. لەبەرئەوەی بەدواداچوونی ڕووداوەكانی فیکر دەبێت فیکر وەك ڕووداو زەق بكاتەوە. لێرەدا –وەك فۆكۆ سەلماندوویەتی- نە لەبەردەم بەشەکانداین، و نە لە بەردەم گشتەکانداین، بەڵكو لە بەردەم دەگمەنەكانداین. زەقكردنەوەی ئەم دەگمەنانە بریتییە لە وەستان لەسەر ڕووداو لەنێو هزردا، دەبێ‌ هەر بەم جۆرەش لەو هەڵكۆڵینانە تێبگەین كە دۆلۆز لە هەگبەی فەرامۆشكراوەكانی مێژووی تەقلیدیی فەلسەفەدا مومارەسەی دەكات. كاتێك لە فەرەنسا قسە لەبارەی ئەزموونگەرایی ئینگلیزییەوەیە، ئەوا تەنیا وەك تەوقێك بۆ تەوقكردنی هەندێك لە فەلسەفە ئەڵمانییەكان باس و خواسی لەبارەوە دەكرێت دەنا بەخاترى خۆى گرنگیى پێنادرێت، لە كاتێكدا پێشڕەوەكان ]ئاڤانگاردەکان[یش ڕازی نین قسە لەبارەی برگسۆنەوە بكرێت تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە هەڵوێستی دژی لەبارەوە بنوێنرێت، كەچی دۆلۆز پێدادەگرێ‌ لەسەر بایەخدان بەم بیرمەندانە، نەك بۆ گەڕان بەدوای نموونەگەلێكی نوێی هزرییدا، بەڵكو بۆ هەوڵدان لەودیوی "دیسپلینكردنی فیکرەوە لەمیانەی كاركردنی لەسەر بیرمەندەكە".
      دۆلۆز مێژووی فەلسەفە بە پۆرترەیت ]وێنەكێشانی ڕوخسارەكان[ لە لایەن وێنەكێشەكانەوە دەچووێنێت: «لە مێژووی فەلسەفەدا وێنەی ڕوخسارە وێناكراوە زەینییەكان كێشراوە، ئەم كارە هەر وەك هونەری ڕەنگكردن ئەنجام دراوە، بەڵام بە كەرەستەی لێكنەچوو، بە كەرەستەی جیاواز: دەبێت نیوە ڕوخسار دروست بكرێت و بەرهەم بهێنرێت و نا بێت ئامرازی دووبارە بەرهەمهێنانەوەش لەبەردەستدا بێت، چونكە گەر وا بێت ئەوا پیت بە پیت ئەوە دووبارە دەكەینەوە كە فەیلەسووفەكە گوتویەتی».
       سەیر نییە دۆلۆز، "قوتابی" نیچەی قڵپكەرەوەی ئەفلاتوون، مێژووی فەلسەفە بچووێنێت بە پرۆسەی كۆپیكردن كە تێیدا مێژوونووس وێنەكێشێكە نموونەكان دووبارە دەكاتەوە و لەبەریەكیان دەگرێتەوە، كەواتە هەموو كێشەكە پەیوەستە بە میكانیزمی لەبەرگرتنەوە (كۆپی) و پرۆسەی دووبارەكردنەوەوە، كەواتە با بڵێین مێژووی فەلسەفە بریتییە لە تەقەلای لێكجیاكردنەوەی كۆڵنەدەرانەی پۆرترەیتە هەمەجۆرەكان و هەوڵە بەردەوامەكان و، هاتن و چوونێكی بێ‌ بڕانەوە، نەك لەبەر ئەوەی گەشتێكی درێژە، بەڵكو لەبەرئەوەی لەنێوان گەشت و بیناكردندا پەیوەندییەكی یەكتر كێشكردن هەیە هاوشێوەی كێشكردنی نێوان دوو هێزی فیزیایی: «لایەنی كۆچەر بە ماشێنە جەنگییەكەیەوە دژی ستەمكار و ماشێنە كارگێڕییەكەی دەوەستێتەوە، فەیلەقی كۆچەرە دەرەكییەكانیش دژی فەیلەقی ستەمكارە ناوەكییەكان پێشڕەوی دەكەن، كەچی وێڕای ئەوە ئەو دوو هێزە لە بەیەكداچوون و پەیوەندیدان، بە جۆرێك وا كە غەمی ستەمكاری ئەبێتە بەدەستهێنانی ماشێنى كۆچەر و گەڕۆكی جەنگی. بەڵام كێشەی لایەنی كۆچەریش ئەوەیە ماشێنى كارگێڕیی بۆ ئیمپراتۆرییەتە دروستكراوەكەی دابهێنێت. ئەو دووانە تا ڕادەی تێهەڵكێشبوون پێكدژ دەبن».
       پێویستە بەم شێوەیەی سەرەوە لە دەرچوون و جێ‌هێشتن تێبگەین. دۆلۆز جارێكیان كە گوزارشتێكی توێنبی سەرسامی كرد، بە ڕاشكاوی وتی: «كۆچەرەكان بیناكارەكانن. ئەوانە كۆچەرن چونكە نایانەوێ دوور بڕۆن».
       كەواتە دەرچوون و جیابوونەوە، نیشتەجێبوونێكی بێ‌ بڕوانەوەیە، گەشتێكە بە مێژووی فەلسەفە و هەوڵە بێ‌ كۆتاییەكاندا بۆ لەڕێدەركردنی و "دەرچوون" لە لۆژیكەكەی، یەكەمجار بە قڵپكردنەوەی بونیادە ئەفلاتوونییەكەی، وەلێ‌ بونیادە دیالەكتیكییە ماركسییەكە و ئینجا شیكارییە باوەكەی نە تەواو بووە و نە تەواویش ئەبێت.
       هەڵبەت لێرەدا، ئەفلاتوونیزم، ڕێبازێكی فەلسەفی نییە كە پەیوەست بێت بە كەسێك یان كەسانێكەوە، بە شوێنێك یان شوێنانێكەوە. ئەفلاتوونیزم خودی بونیادی میتافیزیكییە، ئەو بونیادەی كە ئیتر كار ناكات، ئەو بونیادەی ڕایهێناوین لەسەر پەسەندكردنی جیاكردنەوەی نێوان عەقڵانی و بەرهەست، نێوان ئۆرگیناڵ و كۆپی، بۆیە ئەوە بەس نییە قڵپی بكەینەوە تا بایەخ و بەها بۆ ڕواڵەتەكان دژی ماهییەتەكان بگەڕێنیینەوە. بەڵكو ئەو قڵپكردنەوەیەی لێرەدا مەبەستمانە ئامانجی بەدرۆخستنەوەی هەمان جیهانی هاوشێوە، و لۆژیكی هاوشێوەی ئەو دووالیزمەیە كە تێیاندا ڕواڵەت لە میاهییەت جیا دەكرێتەوە و یەكێكیان لەوی دیكەیان بە باشتر دەبینرێت.
       كەواتە قڵپكردنەوەكە دەبێتە وەستان لەسەر خودی كۆپیكردن، بەڵام ئەمجارەیان، بۆ ستایشکردنى كۆپییە "خیانەتكارەكان". با لەم دوو گوزارشتە وردبینەوە: "تەنیا لێكچووەكان جیاوازن"، و "تەنیا جیاوازییەكان لێكچوون" لێرەدا بابەتەكە پەیوەستە بە دوو خوێندنەوەی جیاوازی جیهانەوە، بەو پێیەی كە یەكەمیان بانگمان دەكات بۆ بینینی جیاوازییەكان بە تێڕوانین لە یەكەم لێكچوون یان یەكەم پێكجووتەوە، لەكاتێكدا ئەوەی دیكەیان بانگمان دەكات بۆ بینینی شوناس وەك ئەوەی كە بەرهەمی یەكەم جیاوازی و یەكەم فرەڕەنگییە.
      لە قڵپكردنەوەی ئەفلاتوونیزمدا هاوشێوەیی لە جیاوازییەوە دەست پێدەكات، و سوبێكتیش لە ئەوی دیكەوە. فەرق هەیە لەنێوان ئەوەی لە جیاوازی بڕوانین لە ڕوانگەى گریمانەكردنی یەكەیەكی بەراییەوە، لەگەڵ ئەوەی كە وا دابنێین لێكچوون و یەكێتی لە جیاوازی دەكەونەوە، و ئەم جیاوازییەش بریتییە لە پێكهێنەری دینامیكیەتی ڕاستەقینەی بوونی شوناس، واتە دینامیكیەتی دووبارەبوونەوە كە بە تەواوی لە دینامیكیەتی دیالێكتیكی جیاوازە. لەبەرئەوەی جیاوازیی هیگڵی، كاتێك باز دەداتە نێو جوڵەی دیالێكتیكەوە تەنیا دەبێتە چركەساتێك لە چركەساتەكانی شوناس. ڕاستە دیالێكتیك ڕێ‌ بە كاركردن بە جیاوازییەكان دەدات، بەڵام بە مەرجی ملكەچبوونیانە بۆ یاسای نەفیكردن، لێرەشەوە ئەو ڕێگایەی پێكدژیی هیگڵی لەسەری دەڕوات ڕێگایەكە بەرەو جووتیەكبوونی دەبات، ئینجا وا دەكات پێكجووتی بەس بێت بۆ دۆزینەوەی پێكدژییەكە و لێ‌ تێگەیشتنی. ئەم پێكدژییە "فەهمناکرێت" تەنیا لە ئاسۆڕوانیی شوناسەوە نەبێت كە دیالێكتیك هەوڵدەدات بۆ چاكركردنەوەی و پاراستنی.
       واتای قڵپكردنەوەی هیگڵیزم و ئەم دۆخە، بریتییە لە ڕزگاركردنی نەفیكردن لە هەژموونی گشت و نەوەستاندنی كارەكەی بە هۆی هیچ سەنتێزێكەوە یان گیرپێدانی لە نێو لۆژیكی دژیەكیدا، كەواتە لەبەردەم یەكەیەكدا دەبین كە نیازی بە چركەساتی سەنتێز نییە و، جیاوازیش ناگەڕێنرێتەوە بۆ پێكدژی، و شوناسیش بەرەو جووتیەكی ناڕوات. ئەی كەواتە چ مانایەك بۆ ئەم شوناس و دۆخە دەمێنێتەوە؟ دۆلۆز وەها وەڵام دەداتەوە: «شوناس و لێكچوون وەهمگەلێكن كە گەڕانەوەی ئەبەدى دروستیان دەكات». گەڕانەوەی ئەبەدى گەڕانەوەی هەمان شت و بابەت و، هەڵوەشاندنەوەی جیاوازییەكان، نییە. بەڵكو بە پێچەوانەی ئەمەوە واتە بەیەك بێگانەبوون، جیاوازیش لە گەڕانەوە و بەهۆی گەڕانەوەوە دەسەلمێنرێت و ئەرێدەكرێت، سوبێكت سوبێكتی نییە تەنیا لە/ و بەهۆی گەڕانەوەیەكەوە نەبێت كە هێشتایش دەگەڕێتەوە. كاتێك نیچە بڕوای بە گەڕانەوەی ئەبەدى هەبوو مەبەستی هیچ نەبوو جگە لەمە: ئەوەی دووبارە دەبێتەوە ئەو لێكچوونانە نیە كە كۆپییەكان لەگەڵ یەكتر هەیانە، واتە ئەو لێكچوونانەی كە كۆپییەكان كۆدەكاتەوە، بەڵكو سیمولاكرا پەراگەندەكانن، ئەو پەراگەندەییەی كە بێ‌ پایان جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە. كەواتە بابەتەكە پەیوەستە بە چەمكی تایبەت بە زەمانی فەلسەفە و بگرە بە خودی زەمانەوە. باسەكەمان بە خاڵی جیاوازی لەگەڵ هایدیگەردا دەست پێكرد و، ڕەنگە لەسەرمان پێویست بێت، بۆ ئەوەی سوڕەكە تەواو بێت و بگەڕێتەوە، بە خاڵێكی لێكچوو لەگەڵ هایدیگەریشدا، یان بە خاڵێك كە هایدیگەر و نیچە تێیدا دەگەن بە یەك، كۆتایی پێ‌ بهێنین.
       لەبەرئەوەی دووبارەبوونەوەی ئەرێنییانەی جیاوازی «خوێندنەوەیەكی نوێ‌ بۆ زەمان» دەخوازێت كە لە دەردە كرۆنۆلۆژییەكەی ڕزگاری بكات، بۆیە لە لۆژیكی ئیحساس دا، دۆلۆز ئەیۆن (Aion) لەبەرامبەر كرۆنۆسدا دادەنێت، كاتێك یەكەمیان واتای ئەوەیە «زمانێك بەردەوام دەڕوات و بەردەوامیش دەگەڕێتەوە؛ جا لە جیاتی ئێستا كە ڕابردوو و داهاتوو لە خۆ دەگرێت، ئەیۆن داهاتوو و ڕابردوویەك لە خۆ دەگرێت كە لە هەموو چركەساتێكدا درز دەخەنە ئێستاكە». (جێی خۆیەتی لەم بارەوە، لە چوارچێوەی تەواوكردنی بەیەكگەیاندنەوەی دلۆز و هایدیگەر و و گەڕانەوە بۆ هایدیگەر و سەلماندنی "نزیكایەتی" لە نێوانیاندا بڵێین كە ئەیۆن (Aion) كوڕی یادەوەری (Memoire)ـیە).
        ئاشكرایە نیچە زەمان لە ئێستاوە دەرك ناكات، وەك هایدیگەر دەڵێت زەمان بریتییە لەوەی كە «چركەسات (یان ئەم ساتە) بچووكترین بەش نییە لە ئێستا، بەڵكو ئێستا ئاوەڵا دەكات یان درزی تێدەخات». ئێستا وەك چركەسات كەلێنێك دروست دەكات لە دۆخی هەنووكەدا. چركەسات بریتییە لەوەی كە دژی ئەم زەمانە (intempestif) دروست دەبێت، ئەوەیە كە دژی زەمانی ئێستا دروست دەبێت «چركەسات بڕیاری ڕەخنەیی مێژووە كە بە چەكوشەكەیەوە دەكێشێت بە قورسایی ڕابردوو و قورسایی ئێستادا».
      ئەمە ئەو شێوە مومکینەیە كە بۆ دروستكردنی مێژووی فەلسەفی دەست دەدات. ئەو مێژووە مێژوویەكی كرۆنۆلۆجی نییە، بەڵكو مێژوویەكی ئەیۆنییە. مێژوویەكە دژی ئەم زەمانەی ئێستا، نا ئەکچواڵە (inactuel) و دژی هەموو زەمانێكە.

سەرچاوە:
ئەم وتارەی عبدالسلام بنعبد العالی، بەناوی  "دولوز مۆرخاً للفلسفة" لەم كتێبەدا بڵاو كراوەتەوە:
مجموعە من المؤلفین، جیل دولوز و سیاسات الرغبة، تحریر: د. أحمد عبدالحلیم عطية، الفكر المعاصر، سلسلة أوراق فلسفیة، دار الفارابی، بیروت- لبنان، الطبعة الأولى، 2011.

تێبینى: ئەم وتارە لە "کاکێشان" پاشکۆى کوردستانى نوێ، 2014، بڵاوبۆتەوە.

Sunday, 7 December 2014

عەشق و فاشیزم


هاوار محەمەد

تێڕوانینێك هه‌یه‌ پێیه‌كی له‌نێو ڕیشه‌كانی فه‌لسه‌فه‌دایه‌ و پێیه‌كی له‌نێو عیرفاندایه‌ و پێیه‌كیشی له‌نێو عه‌وامدایه‌, ئه‌م تێڕوانینه‌ عه‌شق وه‌ك كرده‌یه‌كی ڕوحی په‌تی ده‌بینێت و زۆر جار له‌ گوزاره‌كانی ڕۆژانه‌دا ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌ و گوێمان لێیان ده‌بێت: "من به‌ ڕوح تۆم خۆشده‌وێت", "له‌نێو ڕۆحمایت", "ڕۆحه‌كه‌م", "من و تۆ بووینه‌ته‌ یه‌ك كه‌س", "با ڕوخساریشی جوان نه‌بێت, گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ڕوحی جوانه‌" و..هتد, عه‌شق له‌نێو ئه‌م بازنه‌یه‌دا واته‌ خۆ داماڵین له‌ جه‌سته‌, سڕینه‌وه‌ و جێهێشتن و بێ‌ ده‌روه‌ستبوون به‌رامبه‌ر جه‌سته‌. جه‌سته‌ له‌ عه‌شقدا كوتله‌یه‌كی زیاده‌ و ناشیرین و نامۆیه‌, توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ به‌شدار بێت له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا, هه‌تا عه‌شق له‌ ئاستی جه‌سته‌ بمێنێته‌وه‌ ئاره‌زوو و غه‌ریزه‌ و شه‌هوه‌ته‌, خۆشه‌ویستیی ڕاسته‌قینه‌یش ده‌چێته‌ ئه‌ودیوی ئاره‌زوو و شه‌هوه‌ت و غه‌ریزه‌كانه‌وه‌. عه‌شق له‌ ئاستی جه‌سته‌دا حه‌زه‌, حه‌ز نه‌ك ته‌نیا به‌شێك له‌ عه‌شق نییه‌ به‌ڵكو به‌ر‌به‌رستی به‌رده‌م عه‌شقیشه‌, حه‌ز عه‌شق كوژه‌.
هه‌ندێك ڕۆشنبیر پێشتر پۆلێنێكی كلاسیكیی له‌م جۆره‌یان بۆ ئه‌م ئاستانه‌ی په‌یوه‌ندی "من و ئه‌ویتر" كردووه‌: "عه‌شق- خۆشه‌ویستی-حه‌ز". عه‌شق خۆشه‌ویستی ڕوحییه‌ و دروستكردنی یه‌كێتییه‌ له‌گه‌ڵ مه‌عشوقدا, حه‌ز مانه‌وه‌یه‌ له‌ ئاستی جه‌سته‌دا و هه‌ستكردنێكی كاتییه‌ به‌ ئه‌ویتر وه‌ك له‌شێك بۆ سێكس و په‌یوه‌ندییه‌كی كورتخایه‌ن. خۆشه‌ویستیش سه‌نتێنزی ئه‌م دووانه‌یه‌ و هه‌ردووكیان له‌خۆیدا كۆده‌كاته‌وه‌, نیوه‌ی عه‌شقه‌ و نیوه‌ی حه‌ز به‌ڵام هه‌ردووكیشیان تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌كات. له‌ ڕوانگه‌ی ده‌روونشیكارییه‌وه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موویان ناوی جیاجیان بۆ یه‌ك ناولێنراو كه‌ هه‌رگیز ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی غه‌ریزه‌ و ئاره‌زووه‌كان, عه‌شق و خۆشه‌ویستی و حه‌ز سێ‌ چه‌ماوه‌ن كه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك خاڵ.
ده‌توانین بیرۆكه‌كه‌ به‌م جۆره‌ دابڕێژینه‌وه‌: عه‌شق خۆشه‌ویستییه‌كی پاك و ساف و بێ‌ نیازه‌, هه‌ستكردنێكی ڕاسته‌قینه‌یه‌ به‌ ئه‌ویتر, به‌ گه‌وره‌یی و جوانی و نوری ئه‌ویتر, بینینی جوانی و ڕووناكی ڕه‌هایه‌ له‌ ئه‌ویتردا كه‌ به‌ چاوی سه‌ر نابینرێن, چونكه‌ چاوی سه‌ر ته‌نیا جه‌سته‌ و ڕواڵه‌ت ده‌بینێت, ئه‌وه‌ی ئه‌م جوانی و ڕووناكییه‌ ده‌بینێت چاوی دڵه‌. دڵ ڕه‌مزی ڕوحه‌, ده‌بێت دڵیش مه‌دلولی دیكه‌ی پێ‌ ببه‌خشرێت تا وه‌ك ئۆرگانێكی جه‌سته‌یی نه‌مێنێته‌وه‌. ئه‌م عه‌شقه‌ عیرفانییه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ ئاستی عه‌شقی ئیلاهی و په‌یوه‌ندی نێوان خودا و به‌نده‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌, به‌ڵكو له‌نێو موماره‌سه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا خۆی به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه‌ جه‌وهه‌ره‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ جێهێشتنی جه‌سته‌ و تێكه‌ڵبوون و یه‌كگرتنی ڕوحی, جه‌سته‌ زیندانه‌كه‌ی ڕوحه‌ و ده‌بێت ڕوح خۆیی لێ‌ ئازاد بكات. عه‌شق جه‌سته‌ ده‌سڕێته‌وه‌ و تا ئاستی سفر دایده‌به‌زێنێت: عه‌شق پله‌ی سفری جه‌سته‌یه‌. په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌ ئاستی ڕوحدا ئه‌بستراكت ده‌بێته‌وه!‌. تۆ بڵێی  نیچه‌ هه‌ڵه‌ی كردبێت كه‌ له‌ (ئه‌نتی مه‌سح)ـدا ده‌ڵێت: "ڕوحی په‌تی, گه‌مژه‌ییه‌كی په‌تیشه‌"؟ به‌ هه‌رحاڵ... 
پله‌ی سفری جه‌سته‌ پله‌ی باڵای ڕوحه‌, وه‌ك بڵێی هاوكێشه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌گۆڕێت, هه‌تا گه‌شتی ڕوح بۆ لای مه‌عشوق به‌رزتر ببێته‌وه‌ پله‌ی جه‌سته‌ نزمتر ده‌بێته‌وه‌. له‌دۆخی یه‌كێتی عاشق و مه‌شوقدا جه‌سته‌ ده‌بێته‌ شتێكی زیاد, به‌ توانه‌وه‌ی عاشق له‌ مه‌عشوقدا جه‌سته‌ی ده‌بێته‌ بێگانه‌.
له‌م ڕوانگه‌یه‌دا جه‌سته‌ به‌ربه‌ستی به‌رده‌م عه‌شقه‌, ماتریالێكی ئێس قورسه‌ و پڕیه‌تی له‌ غه‌ریزه‌ی ئاژه‌ڵی و ئاره‌زووی ترسناك كه‌ مرۆڤ به‌ شوێنی خۆی و زه‌مینی خۆیه‌وه‌ گرێ‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ و ناهێڵن ڕوح ئازاد بێت, شتێك پیسی ده‌خاته‌ نێو بێگه‌ردییه‌وه‌ و هه‌میشه‌ی مایه‌ی شێواندنی خۆشه‌ویستی حه‌قیقییه‌ و بگره‌ مایه‌ی شێواندنی حه‌قیقه‌تیشه، خۆشه‌ویستی مه‌جازی ته‌نیا پلیكانه‌یه‌ و ده‌كرێت به‌ ژێر پێیه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی عاشق له‌ مه‌عشوقه‌ ئینسانییه‌كه‌یدا خۆشی ده‌وێت جوانی مه‌عشوقه‌كه‌ی نییه‌، به‌ڵكو ئایدیای "جوانی"ـیه‌. جه‌سته‌ نوقمی نێو دنیای فره‌ییه‌, فره‌ییش ئاماژه‌یه‌ به‌ جیاوازی و لێكیجیایی, جیاوازیش واته‌ بوونی مه‌ودا له‌نێوان "من" و "تۆ"دا, واته‌ پاراستنی مه‌ودای نێوان سوبێكت و ئه‌وانیتر. عه‌شقیش كتومت پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دۆخه‌یه‌, واته‌ هه‌ڵگرتنی مه‌ودا له‌نێوان "من" و "تۆ"دا, واته‌ سڕینه‌وه‌ی جیاوازیمان، بوونمان به‌ یه‌ك ئایدیاڵ. پارادۆكسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ سڕینه‌وه‌ی جیاوازی به‌ناوی عه‌شقه‌وه‌ ئه‌شێت سه‌ربكێشێت بۆ سڕینەوە و فاشیزم, فاشیزم به‌رامبه‌ر به‌ جه‌سته‌. تۆ بڵێیی ڕه‌وا بێت ئه‌م دوو چه‌مكه‌ سیاسییه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌ سۆزدارییه‌كان به‌كاربهێنین؟ ئایا ده‌كرێت باس له‌ فاشیزم به‌رامبه‌ر به‌ جه‌سته‌ وه‌ك كوتله‌یه‌كی ڕه‌ش، بكه‌ین؟ گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ڕادیكاڵتر بپرسین: ئایا ده‌كرێت "عیرفان" یەکێک لە ڕیشەکانى سیاسەتى فاشیستى بێت؟ ڕه‌نگه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م دوو پرسیاره‌ ئاسان نه‌بێت, به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌م تێبینییه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو: بیرۆكه‌ی یه‌كێتی و هه‌ڵگرتنی مه‌ودا و جیاوازی له‌نێوان عاشق و مه‌عشوقدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بەناوى تۆتالیتێوە هەنگاوێک بچێتە پێشەوە و ببێتە مایەى سڕینەوەى "ئەویتر" هێنانه‌ خواره‌وه‌ی جه‌سته‌یش بۆ ئاستی سفر و بێ‌ به‌هاكردنی جه‌سته‌ ده‌شێت ناڕاسته‌وخۆ یان ڕاسته‌وخۆ ڕه‌وایه‌تی به‌ سڕینه‌وه‌ و پاكتاوكردنی جه‌سته‌ بدات، عه‌شقى یەکخوازانە به‌م تێگه‌یشتنه‌ی سه‌ره‌وه‌ مه‌یل و پۆتێنشیه‌لی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌سی فاشیست و تۆتالیتار له‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌رهه‌م بهێنێت. مرۆڤ ئه‌كرێت له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا هه‌م تۆتالیتار بێت و هه‌میش فاشیست.

تێبینى: ئەم فراگمێنتە بەشێکە لە وتارێکى درێژتر کە لە کتێبى "کێشەى سوبێکت"، کتێبى یەکەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا بڵاوبۆتەوە.